جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پرۆژەیەکەی بەناونیشانی " بەرەو چارەسەرێکی نیشتمانی بۆ قەیرانی حوکمڕانی کوردستان"، ئاراستەی سەرکردەی حیزبەکان و بارزانی کردووە.
جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی، د. بەرهەم ساڵح لەو پرۆژەیەدا لەگەڵ مانەوەی بارزانی و درووستکردنی ئەنجومەنێکدایە بۆ ئەم قۆناغە "انتقالیە".
بەرەو چارەسەرێکی نیشتمانی بۆ قەیرانی حوکمڕانی کوردستان
لە سەردەمی گۆڕانگاریەکانی ڕۆژھەڵات، لە ساتی دەرفەت و ھەڕەشە بۆ کوردستان، لەکاتی چاوەڕوانی ڕەوای خەڵک بۆ ژیانێکی ئاسوودە و ئازاد، حوکمڕانی کوردستان دووچاری کێشەی بنەڕەتی بۆتەوە. لە دووای ٢٤ سال، سەرەڕای دەسکەوت و پێشکەوتنی گەورە، کۆمەڵێ کێشەی کەڵەکە بووی ساڵ دووای ساڵ، و پاشماوەکانی شەڕی ناوخۆ، بوونەتە ھۆکاری قەیرانێکی سیاسی، قەیرانێکی ئابووری سەخت، ھەڕەشەی سەربازی و ئەمنی قەومی چارەنوسساز کە بە کۆیان لە قەیرانی بنەڕەتی سیستەم و بڕیاڕی حوکمڕانی کوردستان چڕبۆتەوە.
باری سیاسی ئاڵۆز و ململانیی ژێر بە ژێری نێوان بەناو ھاوپەیمانەکانی حوکمڕان، تێڕوانینی ناکۆک لەسەر پرسەکانی ئەمنی قەومی، چ دەربارەی عیراق، چ دەربارەی کوردی باکور و ڕۆژئاوا، چ پەیوەندیەکان لەگەڵ ئێران و تورکیا، پرسی مافی چارەنووس، ھەڕەشەی لەتکردنەوەی حکومەتی کوردستان و بگرە ھەڕەشەی شەڕی ناوخۆش، مشتێکن لە خەرواری دەرھاوێشتەکانی قەیرانی سیاسی کوردستان.
لە بەرنامە و ھیوای ئاوەدانی و گەشەسەندنی ئابووری کوردستان و دڵنایی وەبەرھینان، وا ئێستا ھاوڵاتیانی کوردستان کەوتوونەتە گێژاوی دڵەڕاوکێی بوون و نەبوونی مووچە، و تارمایی مایەپووجی کەرتی تایبەت و بانکەکان و ڕاوەستانی بازاڕ و کەسابەتی خەلک ئاماژەی قەیرانێکی ئابووری سەخت و مەترسیداری کوردستانە.
پێشمەرگە، بە خۆبەختکردن و ئازایەتی، و بە پشتیوانی ھاوپەیمانان و ئێران و تاڕادەیەک عێراق، جوامێرانە و قارەمانانە بەرگری لە کوردستان دەکەن لە ڕووی ھێرشی دڕندانەی داعش. تا ئێستا پێشمەرگە یەکگرتوو نیە، گیرۆدەی کێشەی شیرازەی فەرماندەییە. نەک نەبۆتە ھێزێکی نیشتمانی، بەڵکە فرە فەرماندەیی و کێشەی لۆجیستی و مووچەی قوڵتر بۆتەوە. بێگومان ئەم کێشانە بوونەتە ڕێگر لەوەی پێشمەرگە سوودمەند بێت بە شێوەی گونجاوتر لە ھاوکاری نێودەوڵەتی.
ئەم قەیرانەی حوکمڕانی گشتگیر و بنەڕەتیە و بۆتە مایە کێشەی ڕۆژانەی خەڵک و مەترسی بۆ خزمەتگوزاری و بژێویان، و تارماییشە لەسەر پرسە نەتەوەییەکان. کوردستان بەمجۆرە بەڕێوە ناچێت. بەردەوامبوونی وەزعی ئێستا بەرەو ھەڵدێرمان دەبات. بە ڕوونی، بە کوردی بە کورتی، بەردەوامبوونی وەزعی ئێستا ناکرێ، بۆیە سیستەمی ئێستای حوکمڕانی کوردستان پێویستی بە پیاچوونەوە و ڕاستکردنەوە ھەیە بە تایبەتی لەم قۆناغە کە پرسەکانی دەستوور و سەرۆکایەتی ھەریم بوونەتە باس و پرسی ئیستا.
ناکرێ بە (سەفقە)ی ژێربەژێر، و سەودا و معامەلە، برابەشکردن و پیاچوونەوەی پشکەکان، پرسەکانی (سەرۆکایەتی ھەریم) و سیستەمی حوکمڕانی بەڕێ بکرێت. پەردەپۆشکردن و ڕاییکردن تا سەر نابێت، و دادی بژێوی و کەسابەتی ھاوڵاتیان و پاراستنی ئەمنی قەومی و زامن کردنی بەرنامەی ئازادی کوردستان نادات.
بەرپرسیاریەتی چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە لە ئەستۆی پەرلەمان و ھێزە سیاسیەکانە. چارەسەر بە ڕێکەوتنی سیاسی و یاسایی دەبێت بۆ ڕەواندنەوەی قەیرانی بژێوی و ئابووری ھاوڵاتیان، بۆ یەکخستنەوەی بەڕاستی حکومەتی ھەرێم و ھێزی پێشمەرگە و ئاسایشی کوردستان، بۆ چەسپاندنی حکومەتی ھاوڵاتی و ڕێزگرتن لە چەمکی دەستاودەستکردنی دەسەڵات. چارەسەر دەبێ نیشتمانی بێت، دوور بێت لە ئاماژە و دەستەواژەکانی دووبەرەکی و تاڵاوەکانی شەڕی ناوخۆ و دەبێت ھەر لە سەر بنەمای پاراستنی یەکڕیزی گەل و یەکبوونی حوکمڕانی کوردستان بێت.
سەرۆک، سەرۆکی نیشتمانە، و ڕەمزی یەکبوونی گەلە. دەستوور چوارچێوەی پێکەوە ژیان و بەڕێوەبردنی جیاوازیەکان و حوکمڕانی وڵات و زامنکردنی مافی ھاوڵاتیە. ئەم پرسە بۆ تاکە کەس و حیزب و لایەنێک نیە، بۆ زۆرینەیەکی ئاساییش دیاری ناکرێت. بۆیە پێویستە لەگەل ھەموو جیاوازیەکان ئەم قەیرانەی ئێستا بە ئاڕاستەی قەیرانێکی قوڵتر و مەترسیدارتر نەبەین. پێویستە بە پەرۆشی بۆ گەل، بۆ ئایندەمان، ئەم پرۆسەیە، بەم جیاوازیانەوە، بەرەو چارەسەرێکی نیشتمانی ئاڕاستە بکەین و لە سایەی پەرلەمانەکەی خۆمان و بە ڕێکەوتنی ھێزە سەرەکیەکان بسازێین لە سەر نەخشە ڕێگەی دەرباز بوون لە قەیرانی ئەمڕۆی حوکمڕانی کوردستان:
قۆناغی انتقالی (ئێستا بۆ ٢٠١٧ کاتی ھەڵبژاردنی نوێی پەرلەمان)
لە ئێستاوە تا کاتی ھەڵبژاردنی نوێی پەرلەمانی کوردستان (دوو ساڵ تێپەر نەکات)، ڕێکەوتن لە سەر شێوازی بەڕێوەبردن و ڕێکخستنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە سەرەکیەکانی حوکمڕانی ئەمڕۆ، بە تایبەتیش:
• پێشمەرگە و یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە.
• ئەمنی قەومی و پەیوەندیەکان، و بە تایبەتیش پەیوەندی نیوان ھەریم و بەغدا.
• چارەسەرکردنی باری ئابووری و بژێوی کۆمەلانی خەڵک.
• چاکسازی دەسەڵاتی دادوەری و پاراستنی سەربەخۆیی.
بۆ ئەم قۆناغە انتقالیە دەسەڵاتەکان، لە نێوان سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەت، ڕێکبخرێتەوە بۆ بەدیھینانی ئامانجەکانی سەرەوە و زەمینە سازی و ئامادەکاری پێویست بۆ پەیڕەوکردنی سیستەمی پەرلەمانی دیمکراتی لە دووای ھەڵبژاردنی ٢٠١٧.
١. تخویلی دەسەڵات بە وەزیری پیشمەرکە و سەرۆکایەتی ئەرکان بۆ ریکخستنەوە ھیزی پیشمەرگە و یەکخستنی لە دامەزراوەی نیشتمانی، وجێبەجیکردنی گۆڕانکاریە ئیداری و دارایی و عەسکەریە پێویستەکان بۆ ئەم مەبەستە.
٢. تخویلی دەسەڵات بە وەزیری ناوخۆ بۆ یەکخستنەوەی دەزگاکانی ئاسایش لە دامەزراوەی نیشتمانی و جێبەجێکردنی گۆڕانکاریە پیویستەکان.
٣. سەرۆکی ھەرێم، سەرۆکی حکومەت، جیگرەکانیان لەگەڵ نوینەری لایەنە سەرەکیەکانی بەشداری حکومەت ئەنجومەنیک پێک دێنن بۆ ئەم قۆناغە انتقالیە بو تاوتوێیکردن و بڕیاڕدان لە سەر پرسە گرنگەکانی ئەمنی قەومی، بە تایبەتیش ھەڵویست سەبارەت مافی چارەنووس و پەیوەندیەکان لە گەل عێراق، ھەروەھا پەیوەندیەکان لەگەڵ ئێران و تورکیا، و پارچەکانی تری کوردستان.
ئەم ئەنجومەنە، بە ھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری، کار بکات بۆ پشتیوانی چاکسازی پێویست لە دەسەڵاتی دادوەری و چەسپاندن و پاراستنی سەربەخۆیی.
٤. دامەزراندن و دەستبەکاربوونی سندوقی داھاتە نەوتیەکان، دامەزراندنی کۆمپانیاکانی (پشکنین و گەڕان) و (دۆزینەوە و بەرھەمھینان)، (گواستنەوە و دابەشکردن) و (فروشتن و ھەناردەکردن) بە پیی یاسای نەوت و گازی کوردستان...و کۆکردنەوەی گشت داھاتەکان بە پێی یاسا و کاراکردنی لیژنەی دەستەپاکی و پەیوەندیدارەکانی پەرلمان بۆ چاودیری کۆکردنەوە و سەرفکردنی داھااتی نەوت.
٥. شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتی ئیداری و دارایی بۆ پاریزگاکان و کاراکردنی لامرکزیەت.
٦. تەعدیلی وەزاری و پیاچوونەوەی پێکھاتەی حکومەت، و ھەروەھا پیاچوونەوەی دامەزراوەکانی دیوانی سەرۆکایەتی ھەریم و دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ ھاوکاری جێبەجێکردنی ئەرکەکانی سەرەوە، و ھەروەھا پەیڕەوکردنی بەرنامەیەکی بەکردەوەی چاکسازی ھەمەلایەن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری و زامنکردنی بژێوی خەڵک،
ئەم بەرنامەیە لە پەرلەمان پەسەند بکرێت، و پەرلەمان ئەرک و مافی بە دواداچوون و بەسەرکردنەوەی جێبەجێکردنی بەرنامەکانی قۆناغی انتقالی ھەبێت.
بۆ ھەڵبژاردنی ئایندە ٢٠١٧
لە ئێستاوە، ریکەوتن لەسەر پیاچوونەوەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم و دەستوور چەسپاندنی سیستەمی پەرلەمانی دیمکراتی و ھەموارکردنی دەسەڵاتەکان و ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لە پەرلەمان، و بە یاسا پێش ٢٠\٨ لە پەرلەمان پەسەند بکرێت.
پرۆژەکە لە پەیجی بەرهەم ساڵح خۆی وەرگیراوە