پارتی: بەهۆی کۆنە قین‌و قۆڵبادانەوە تەوافق لەسەر سەرۆکایەتی هەرێم نەکرا

پارتی بەبۆنەی یادی دامەزراندنی حیزبەکەیانەوە لەسەر پرسی سەرۆکی هەرێم دەڵێن: ئێمە لەو باوەڕەداین، گەر بەدنیازی و کۆنەقین و گیانی کۆدەتاچێتی و قۆڵبادانی یەکدی لە ئارادا نەبوایە، بەلەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی کوردستان و ھەستیاریی قۆناغ و ھەلومەرجەکە، پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێم قابیلی چارەسەرێکی گونجاو و تەوافوقی بوو.
لەو بەیانەدا کە ئەمڕۆ ٨/١٥ بلآوکرایەوە، پارتی دەڵێت: چاوەڕوانیشمان وابوو کە لەو کاتەی میللەتەکەمان بە ھۆی ئابڵوقە و گوشار و مەینەتییەکانی جەنگ و نەداری و قەیرانە جۆراوجۆرەکانەوە لە تەنگژە و نارەحەتیدایە و، رۆڵە دلێرەکانمان لە بەرەکانی بەرگریدا گیان دەبەخشن و چاوەڕێی ھاندان و پشتیوانیی ئێمەن، ئەم بابەتە نەکرێتە تەنگژە و قەیرانێکی سەربار.. دەبوا لە جێی قەیرانخوڵقاندن، ھەموو پێکەوە لە خەمی کەمکردنەوەی مەینەتیەکانی سەرشانی گەلە خۆڕاگرەکەماندا  بین.

دەقی بەیانەکەی پارتی
 
بەیاننامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
بەبۆنەی (٦٩)ـیەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
رۆڵەکانی نەتەوەی کوردی دلێر
ھاووڵاتیانی ئازیزی کوردستان
ئەندام و لایەنگر و جەماوەری تێکۆشەری پارتیمان
شەست و نۆ ساڵ لەمەوبەر، ئەو دەمەی نەتەوەی کورد، کە چوارەمین گەورە نەتەوەی ناوچەکەیە، لە مافی دیاریکردنی چارەنووس بێبەش کرا و لە سەرینی بەزۆر سەپاندنی سنورە دەسکردەکانی سایکس بیکۆدا، کوردستان دابەش کرا و ھەوڵدرا بە ئاگر و ئاسن ئینسانی کورد تەسلیم بەو قەدەر و چارەنووسە شووم و تاریکە بکرێت، لە ناو ئەو نائومێدی و بێھیواییەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک ئومێدبەخش و فریادرەسێک دامەزرا و ھاتە مەیدان، تا بە ھەموو دونیا بڵێت گەلی کوردستان ناچێتە بن باری ئەو غەدرە مێژوییە و بە دابەشی خاکەکەی و لکاندنی بە دەوڵەتە دەستکردەکان و بە بێبەشکردنی لە مافە نەتەوەیی و ئینسانییەکانی قایل نابێت. پارتی دروست بوو تا ئومێد و ھیوا و بڕوابەخۆبوون لە دڵی تاکی کوردستانیدا دوبارە بچێنێتەوە و پێشرەوایەتی خەباتی نەپساوەی شێلگیرانەی گەلەکەمان بکات تا بەدەستھێنانەوەی تێکڕای مافە زەوتکراوەکان و گەیشتن بە مافی چارەنووس و سەربەخۆیی.
پارتی لە سەر رێبازی مستەفا بارزانیی دامەزرێنەر و سەرکردە دووربین و شۆڕشگێڕەکەی، گرێی (خۆبەکەمگرتن)ـی لە ناخی ئینسانی کوردستانیدا رەواندەوە و، ھەر لە دەسپێکیشەوە بنەماکانی کوردایەتی و بزاڤی رزگاریخوازی کوردستانی بە جۆرێک داڕشت کە لەگەڵ ھەموو بەھاکانی عەدالەتخوازی و پرنسیپەکانی دیموکراتی و یەکسانی نێوان گەلان و باوەڕ و بەھا ئینسانییەکانی دوای جەنگی جیھانی بگونجێ، تا ھەرگیز بەھانە نەکەوێتە دەست داگیرکەرانی کوردستان بە تۆمەتی تیرۆریستی و توندرۆیی و شەڕانگێزی، رەوایی بدەنە سەرکوت و لەنێو بردنی ئەم گەلە و بزوتنەوە رزگاریخوازەکەی.
لەم پێودانگەوە، پارتی بە درێژایی کاروانی خەباتی سەرباری ھەوراز و نشێو، شکست و سەرکەوتن، نەیھێشت کوردایەتی لە مانا ئینسانییە قووڵەکەی لابدا، تیرۆر و توندرۆیی حەرام کرد و بە رەغمی دڕندەیی دوژمنان، خەباتێکی پاک و بێگەردی مەشاند، رێی بە دەمارگیری نەتەوەیی نەدا و ھەر بۆیەش مەیدانی خەباتی بزاڤی رزگاریخوازیی بووە مەیدانی تێکۆشانی تێکرای کوردستانیان بە کورد و تورکمان و کلدان سریان  ئاشوورى و ھەموو پێکھاتەکانەوە، رێی بە پەڕگیریی ئایینی و ئایینزایی نەدا و ھەر بۆیەش پارتی بووە چەتری کۆکەرەوەی ھەمووان بە جیاوازی ئایین و ئایینزا وە و، بووە قوتابخانەی ئاوێزانبوونی ئایین و نیشتمانپەروەری. پارتی ئەو باوەرەی لای گەلی کوردستان چەسپاند کە خۆی لە گەلانی دیکە بە کەمتر نەزانێ و بە مافی کەمتر لەوان قایل نەبێت، بەڵام ھەمیشە ھاوژیانی و ھاوکاری و بنیاتنانی بناغەکانی ھاوسێیەتی لەگەڵ گەلانی ناوچەکەدا مەبدەئێکی نەگۆڕی بوو .
بەم روانگا رەسەن و رۆشنەوە و پاڵپشت بە خەڵکی فیداکاری کوردستان، پارتی دەستی بە پێشڕەوایەتیی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان کرد و قۆناغ بە قۆناغ و بە خەباتێکی ئاوێتە لە تێکۆشانی سیاسی و جەماوەری و رێکخراوەیی و چەکداری و دیپلوماسی، توانی ئیعتراف بە وجودی نەتەوەیی کورد و سەرەتای مافەکانی بە دەست بێنێتەوە و، بناغەی گەیشتن بە تێکڕای مافەکان داڕێژێت. خۆڕاگریی پارتی سەرباری نسکۆ و پیلانگێڕی و دەستنەپارێزیی دوژمنان، رۆژ بەرۆژ دوژمنانی لەو باوەرە نزیک دەکردەوە کە مەحاڵە ئەم نەتەوەیە سەرنەوی بکات و دەست لە داواکانی ھەڵگرێت، ھاوکاتیش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رای گشتیی دونیاشی نزیکتر دەکردەوە لە باوەڕھێنان بە رەوایی دۆزی کورد و زەرورەتی چارەسەریی دیموکراتیانە بۆ ئەو دۆزە رەوایە.
ئەمڕۆ کە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دەکەینەوە، گەلەکەمان لە قۆناغی چنینەوەی بەری یەکجاری خەباتی سەدساڵەی خۆی نزیک بووەتەوە و سایکس پیکۆیش وەک میکانزمێکی فاشل کە جگە لە مەینەتی و نائارامی ھیچی بۆ ئەم ناوچەیە بەدەستنەھێنا، لە گیانەڵادایە و کوردستان و ناوچەکە لە ئاستانەی گۆڕانکاری مەزن و یەکلاکەرەوەدان.

چاوەڕوانکراویش بوو کە ھاوزەمان دوژمنان و ناحەزانیش دواتیری خۆیان بھاوێژن و دوایین ھەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ ئاستەنگکردنی گەیشتنی کورد بە دوائامانج. لە سەرینی ئەم راستییەشەوە کوردستان لە ئێستادا دووچاری جۆرەھا تەحەددی و قەیران و شەڕ و گێچەڵ کراوەتەوە، کە سەختترینیان شەڕی نانبڕین و ئاستەنگکردنی پرۆسەی تەنمییە و،  وەرچەرخاندنی ئاڕاستەی پەلاماری دەوڵەتی تیرۆریستی داعش بوو بەرەو کوردستان و، داسەپاندنی شەڕێکی سەخت بە درێژایی سنوور بەسەر گەلەکەمان و پێشمەرگەی کوردستاندا.
حۆشبەختانە و بە ھیممەتی خەڵک و پێشمەرگەی نەبەز و قارەمان، کوردستان بە سیاسەتێکی ئارامگر و خۆڕاگرانەوە و پاڵپشت بە حیکمەت و دووربینیی سیاسی سەرۆک بارزانی و دامەزراوە نیشتمانییەکانی و ھێزە سیاسییەکانی، توانیمان سەرکەوتوانە رووبەرووی ھەموو تەحەددی و ھەڕەشە و پیلانەکان ببیینەوە. گەلە خۆڕاگرەکەمان توانی بەرگەی نانبڕین و بودجە و موچەبڕین بگرێت. پێشمەرگەی دلێری کوردستان سەرباری گوشار و ئابڵوقە و کەمیی چەک و تفاق، توانی نەک ھەر ھەرێم بەڵکو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستانیش بە خوێن و قوربانیدان و نەبەردی و قارەمانێتییەکی کەم وێنە بپارێزێ، توانی ئەفسانەی داعش و پێشرەوییەکانی تێک‌بشکێنێ و وەک یەکەم ھێزی سەرزەمین، ئەو  رێکخراوە دڕندە و شەڕانگێزە شکستخواردوو بکات و زۆربەی ھەرە زۆری ناوچە پەلاماردراوەکان ئازاد بکاتەوە. ھاوکات  سەنگ و ھەوڵە دیپلوماسییەکانی سەرۆک بارزانى و سەرکردایەتیی کوردستان توانی فراوانترین پشتیوانیی سیاسی و سەربازیی نێودەوڵەتی بۆ دیفاع لە کوردستان دابین بکات. کورد و پێشمەرگە بەو بەرگری و نەبەردییە دلێرانەیە وەک ھێزی داکۆکی لە بەھا بەرزەکانی مرۆڤایەتی لە دژی وەحشیگەری و تاریکی پەرستی، ھێندەی دیکە ئیعتبار و پێگەی لای رای گشتیی جیھانی چووە پێش، بە تایبەت کە توانی نەک ھەر گەلی کوردستان، بەڵکو ملیۆنان ئاوارە و پەناھەندەی جەنگزەدە لە نەتەوە و ئایین و ئایینزا جیاجیاکان بپارێزێ. کوردستان توانی ئەو شەڕ و پەلامارە بە سەرکەوتن و دەسکەوتی سیاسی و مەعنەویی گەورە بۆ خۆی وەرچەرخێنێ و، بۆ ھەموو دونیای بسەلمێنێ کە گەلێکین شایستە بە ژیانێکی سەربەخۆ و سەربەرزانە.
ھاووڵاتیانی ئازیزی کوردستان ..
ھەڤاڵان و جەماوەری پارتیمان ..
پارتی وەک حزبێکی بە ئەزموونی ئاییندەبین، بەر لەم پێشھاتانە، دەیزانی لە یەک کاتدا دەرفەتی مەزن و ھەڕەشە و مەترسیی گەورەش بەڕێوەن، دەشیزانی کە ھەم لەدەستنەچوونی دەرفەتەکان و ھەم رووبەرووبونەوەی ھەڕەشەکان، پێکەوەیی و بەشداری و ھاوکاریی ھەموو ھێزە سیاسییەکانی کوردستان دەخوازێ، ئەزموونی رابردوویش ھەر لە پێکھێنانی بەرەی کوردستانی لە ھەلومەرجێکی ھاوشێوەی ئیستادا کە دەرفەت و پێشھاتی یەکلاکەرەوە لە رۆژەڤدا بوو، داوتریش خەباتی پێکەوەیی و ھاوپەیمانیی پارتی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی به‌شدار له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی كوردستان لەسەروبەندی داڕشتنەوەی ناسنامەی عێراقی نوێدا، ئەو وانەیەی بەرجەستە کرد کە لە ھەر چرکەساتێکی مێژوویی یەکلاکەرەوەدا، گەر یەکسەنگەر و یەکھەڵوێست و ھاوخیتاب و پێکەوە بین، بەزاندنی ھەڕەشەکان و دەستەبەری دەستکەوت بۆ گەلەکەمان مسۆگەرە و، پێچەوانەکەشی  لەدەستدانی دەرفەت و دەستکەوتە.

ھەر بۆیەش لە سەروبەندی پێکھێنانی کابینەی ئێستای حکوومەتدا، پارتیمان پێداگیری و پەرۆشی و نەرمی و ئارامگیرییەکی زۆری نواند تا لە جیاتی حکوومەتی زۆرینە و دابەشبوونی ھێزە سیاسییەکان بەسەر حوکمڕان و ئۆپۆزسیۆندا، زەمینەی حکوومەتی بنکەفراوان برەخسێ و لەم چەند ساڵەی لە پێشمانە، ھەم حوکمڕانی و ھەم بڕیاری سیاسیی چارەنووسساز بە رای ھەمووان و بە بەشداریی ھەمووان و بە سازان و تەوافوق بەڕێوە بچێت. 
سازان بووە ئەو پرەنسیپە ھاوبەشەی کە ھەمووان لەسەری پێکھاتن و تێکڕای دامەزراوەکانی ھەرێم بەوپێیە دارێژران و ئەرک و بەرپرسیارییەکان دابەش کران، ئومێدیش وابوو کە ئەو حوکمڕانییە ھاوبەشە، ھاوسەنگەریی و ھاوخیتابییەکی قوول و تۆکمەی سیاسییش ھاوشانی بێت کە رووبەرووبونەوەی ھەڕەشەکان دەیخوازێ .
بەڵام جێی داخە، سازان تەنیا لەسەر ئاستی وەرگرتنی پۆست و پلە و پایە جێبەجێ کرا، ھێزە ھاوبەشەکانی دیکە وەک پارتی شانیان نەدایە بەر بەرپرسیارییەکان و، لە زۆر ھەڵوێستدا، وەک ئۆپۆزسیۆن خۆیان نواند و وەک شەریکی راستەقینە ئەرکەکانیان بە ئەستۆ نەگرت .
دواجاریش لە ٢٣ـی حوزەیرانی رابردوودا ئەو بنەما و بەردی بناغە و پرەنسیپەی کە حوکمرانی و پرۆسەی سیاسیی کوردستانی لەسەر بینا کرابوو، پرەنسیپی سازان، کە ھەمووان لەسەری رێککەتبووین و، بەوپێیە دەبوا ھەموو یاسا و بڕیارە رەھەند نیشتمانییەکان بە کۆدەنگی و بە رەزامەندیی ھەمووان تێپەڕێن، خرایە بەر ھەرەشەی کۆدەتا و، ھێزگەلێک ویستیان لێی ھەڵگەڕێنەوە. مەبەستیش لەو گەلەکۆمەکێیە پەراوێزخستن و شکاندنی ئیرادەی پارتی و خۆسەپاندن بوو بەسەریدا، بێباک لەوەی بیرکردنەوە لە پەراوێزخستن و دەرپەڕاندنی گەورەترین ھێزی سیاسیی کوردستان لە ھاوکێشەکە، چ نادیدەگرتنێکی بەرچاوتەنگانەی جەماوەر و لایەنگرانی فراوانی ئەو پارتەیە، چجای پێگە و مێژوو و خەبات و سەنگە نێوخۆیی و ئیقلیمی و جیھانییەکەی..!

ھاووڵاتیانی ئازیز ..
لایەنگرانی دڵسۆزی پارتی ..
ئێمە لەو باوەڕەداین، گەر بەدنیازی و کۆنەقین و گیانی کۆدەتاچێتی و قۆڵبادانی یەکدی لە ئارادا نەبوایە، بەلەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی کوردستان و ھەستیاریی قۆناغ و ھەلومەرجەکە، پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێم قابیلی چارەسەرێکی گونجاو و تەوافوقی بوو، چاوەڕوانیشمان وابوو کە لەو کاتەی میللەتەکەمان بە ھۆی ئابڵوقە و گوشار و مەینەتییەکانی جەنگ و نەداری و قەیرانە جۆراوجۆرەکانەوە لە تەنگژە و نارەحەتیدایە و، رۆڵە دلێرەکانمان لە بەرەکانی بەرگریدا گیان دەبەخشن و چاوەڕێی ھاندان و پشتیوانیی ئێمەن، ئەم بابەتە نەکرێتە تەنگژە و قەیرانێکی سەربار.. دەبوا لە جێی قەیرانخوڵقاندن، ھەموو پێکەوە لە خەمی کەمکردنەوەی مەینەتیەکانی سەرشانی گەلە خۆڕاگرەکەماندا  بین. ئەرک و بەرپرسیاریی نیشتمانی و مێژوویی سەرشانمان ھەر ئەوەمان لێ دەخوازى.
کوردستانیانی ھێژا ..
ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرباری ھەموو قەیران و مەینەتییەکان، سەرباری ئەم ناکۆکی و ململانێ نێوخۆییە نابەجێ و ناموجەب و ناوەختەی کوردستانی پێوە سەرقاڵ کراوە،ئاسۆ روون دەبینین، دڵنیاین گەلەکەمان ئەم تەنگژە و گرفتانەش تێدەپەڕێنێ و، رەنج و خەبات و قوربانیدانی ئەم گەلە ھەرگیز بەفیڕۆ ناچێ و بە ئاواتە مەزنەکانمان دەگەین و رۆحی شەھیدانمان شاد دەکەین. سەرچاوەی ئەم دڵنیاییەشمان، خۆڕاگری گەلەکەمان و گیانبازیی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستانە.
 
لە یادی شازدەی ئابدا، بەڵێن و وەفاداری بۆ گیانی پاکی رابەر و دامەزرێنەری پارتیمان مستەفا بارزانیی نەمر و تێکڕای شەھیدانی پارتی و رێگای رزگاری کوردستان  نوێ دەکەینەوە، کە درێژەپێدەر و پارێزەر و قوتابی بە ئەمەکی رێبازی بارزانی و پارتی بین.. بە خوێن ئەو دەستکەوت و سەرکەوتن و بەھا بەرزانە بپارێزین کە ئەوان  بە خوێن و خەبات و کۆڵنەدان بەدەستیان ھێنا.
سووربوونی خۆمان لە خەبات لە پێناوی بەدیھێنانی خواست و ئاواتەکانی گەلی کوردستان دووپات دەکەینەوە و، جەماوەری خۆڕاگری پارتیمان و خەڵکی بەشەرەفی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە پارتی بە پشتیوانیی میللەت جگە لە سەرکەوتن ھیچ رێگەیەکی دیکەی لەپێش نییە. پارتی زۆر ھەوراز و نشێوی سەخت و دژواری بڕیوە و ھەموویشی ھەر بە سەرکەوتویی و سەرفرازی تێپەڕاندووە..
سڵاوی گەرم و سوپاس و پێزانین بۆ تێکڕای ھەڤاڵان و كادیر و لایەنگران و جەماوەری پارتیمان، کە خۆنەویستانە و دڵسۆزانە لە خەبات و داکۆکی لە پارتەکەیان و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی بەردەوامن و، بە ئارامگرییەکی شۆڕشگێڕانەوە بەرگەی قەیران و کێشە جۆراوجۆرەکان و سەختییەکانی ژیان و گوزەران دەگرن.
سڵاو لە گیانی سەرجەم شەھیدانی کورد و کوردستان و درود و نەمری بۆ گیانی پاکی بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی ھەمیشە زیندوو . ..
سڵاو لە گیانی پاکی شەھیدانی پاراستنی کوردستان لە جەنگی چارەنووسسازی دژەتیرۆر و داعشدا، سڵاو و سەرنەویکردن بۆ خانەوادە سەربەرزەکانیان..
سڵاو له‌ خۆڕاگری و كۆڵنه‌دانی خوشك و برایانی ئێزدی، كه‌ ساڵێك به‌سه‌ر كاره‌ساتی شنگالدا تێپه‌ڕیوه‌ و ئازاره‌كانیان له‌ بیر ناكه‌ین..
سڵاو لە پێشمەرگە نەبەز و دلێر و قارەمانەکانی کوردستان ..
سڵاو لە جەماوەری خۆڕاگر و پشتیوانی پێشمەرگەی کوردستان..
                   هه‌رشەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان

مه‌كته‌بی سیاسیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
16ی ئابی 2015
 



PM:01:40:15/08/2015