"ھیچ پیلانێک سەر ناگرێت کەیەکڕیزی‌و برایەتی خەڵکی کوردستان بکاتە ئامانج"

لە ساڵیادی دامەزراندنی حزبەکەیدا، مەسعود بارزانی جارێکی دیکە ھەڕەشە دەکات کە دژی ھەموو ھەوڵێک دەوەستنەوە کە بیەوێت لێکترازان و دوژمنایەتی لەنێو ڕیزەکانی گەلی کوردستان دروست بکات.

مەسعود بارزانی لە یەپامێکدا کە بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاویکردەوە، وێڕای بەڵێندان بەوەی حزبەکەی پارێزەری برایەتی و پێکەوەژیان و یەکڕیزی گەلی کوردستان دەبێت، لەھەمان کاتدا جەختیش دەکاتەوە کە لە کۆتاییدا ئیرادەی گەل و ئاشتی و برایەتی و ڕاستگۆیی براوە دەبێت و ھیچ پیلانێکیش سەر ناگرێت کە یەکڕیزی و برایەتی خەڵکی کوردستان بکاتە ئامانج.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە :

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بەبۆنەی شەست و نۆھەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیی دیموکراتی کوردستان گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و کادیر و ئەندام و دۆست و لایەنگرانی پارتی و ھەموو خەڵکی کوردستان دەکەم.
لەم یادە پیرۆزەدا سڵاو بۆ گیانی شەھیدە نەمرەکانمان دەنێرین کە بە خوێنی خۆیان داری ئازادی و سەربەرزیی گەلی کوردستانیان ژیاند و یادیان ھەر بەرز و پیرۆز بێت. سڵاو بۆ ئەو شەھیدە قارەمانانە کە لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا مێژوویان بۆ گەلەکەیان تۆمار کرد و بە خوێنی خۆیان ئەفسانەی داعشیان شکاند و پارێزگاری لە کوردستان و ھەموو مرۆڤایەتی دەکەن.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم پێزانینی خۆم بۆ ئەندام و لایەنگرانی پارتی ڕابگەیێنم و سوپاسی ڕۆحی نیشتیمانپەروەری و ئازایەتییان بکەم کە لە شەڕی دژی داعشدا کوردستان یان نەمانیان بە کردەوە پێشان دا و بە ئامادەبوونیان لە سەنگەرەکان و پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە ڕۆڵێکی گرینگیان لە سەرکەوتنەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستاندا بینی. سوپاس بۆ ئێوەی خۆشەویست کە لە ھەموو قۆناغە سەختەکانی ژیانی گەلەکەماندا ئەو پەڕی خۆڕاگری و کوردپەروەریتان نواندووە و تەحمولی سەختی و ئاوارەیی و ئێش و ئازارێکی زۆرتان کردووە. گیانفیدایی بۆ پاراستنی کوردستان و دیموکراسی و سەربەخۆیی ئەو ئامانجە گرانبەھایانەن کە پارتی لەپێناویدا دامەزراوە و، بە دڵنیاییشەوە لە ئێستا و داھاتوودا پارتیی دیموکراتی کوردستان وەک ئامرازێکی بەھێز بۆ گەییشتنی گەلی کوردستان بۆ ئەو ئامانجانە دەمێنێتەوە و پارێزەری ئەو دەستکەوتانە دەبێت کە لەگەڵ ھێزە تێکۆشەرەکانی کوردستان ڕۆڵی سەرەکی لە بەدیھێنانیان گیڕاوە.
لە یادی شازدەی ئابدا بەڵێن لەگەڵ شەھیدەکانمان دووپات دەکەینەوە کە پارتیی دیموکراتی کوردستان پارێزەری برایەتی و پێکەوەژیان و یەکڕیزی گەلی کوردستان دەبێت و دژی ھەموو ھەوڵێکیش دەوەستێتەوە کە بیەوێت لێکترازان و دوژمنایەتی لەنێو ڕیزەکانی گەلی کوردستان دروست بکات. پارتی ھەموو توانای خۆی بۆ ئاشتی و پاراستنی پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان و فرەلایەنیی سیاسی و سەروەریی یاسا تەرخان دەکات و ئامانجی سەرەکیشی سەربەخۆیی و بەھێزتربوونی گەلی کوردستان دەبێت. بۆ ئەوەی دواجار ھەموو لایەکمان لە ئاشتیدا بژیین و گەلەکەمان ژیانێکی ئاسوودە و بەختەوەری ھەبێت. ھەر لایەنێکی سیاسیی کوردستان بڕوای بە ئاشتی و فرەلایەنی و پێکەوەیی و سەربەخۆیی گەلی کوردستان ھەبێت برا و ھەڤاڵ و ھاوسەنگەری ئێمەیە و دەستی دۆستایەتی و برایەتی بۆ درێژ دەکەین.
سەبارەت بە قەیرانی سیاسیی ئەم دواییەی ھەرێمی کوردستانیش جەماوەری خۆشەویستی کوردستان و ھەموو ئەندام و لایەنگرانی پارتیی دیموکراتی کوردستان لەوە دڵنیا دەکەمەوە کە پشت بە خوای گەورە لە کۆتاییدا ئیرادەی گەل و ئاشتی و برایەتی و ڕاستگۆیی براوە دەبێت و ھیچ پیلانێک سەر ناگرێت کە یەکڕیزی و برایەتی خەڵکی کوردستان بکاتە ئامانج.

مەسعوود بارزانی
سەرۆکی پارتیی دیموکراتی کوردستان
١٥ـی ٨ـی ٢٠١٥



PM:06:06:15/08/2015