دوو پەرلەمانتاری سوید سەرکردایەتی هەرێم لە مەترسیەکان ئاگادار دەکەنەوە

دوو پەرلەمانتاری سوید کە لەبنچەدا کوردن لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم ئاگادار دەکەنەوەو دەڵێن: بەداخەوە ڕووداوەکانی ئەم  چەند حەفتەیەی دوایی، زەنگێکی زۆر ترسناکن و پرۆسەی دیموکراسی بە ئاراستەیەکی تردا دەبات.

لەو نامە کراوەیەدا هەردوو پەرلەماتار ئامینەی کاکە باوەو جەبار ئەمین دەڵێن: هەربۆیە زۆر ئاساییە، و بگرە پێویستە، کاتێک چەند پارتێکی نێو پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە نوێنەرایەتی نزیکەی لە سەدا شەستی دەنگدەران دەکەن داوادەکەن یاسای سەرۆکایەتی هەرێم هەمواربکرێتەوە و پرنسیپی دەستاو دەستکردنی دەسەڵات بچەسپێت. ڕوبەڕوبونەوەی داوایەکی دیموکراسی و ڕەوا مایەی مەترسییە.

ئەو دوو پەرلەمانتارەی سوید باس لەوە دەکەن لەم ساتەدا  هەرێمی کوردستان لەبارێکی ئالۆز و لەبەردەم  کۆمەڵێ مەترسی گەورەدایە: هێرشی دڕندانەی  تیروریستانی داعش بۆ سەر گەلەکەمان،  هاوڵاتیانی هەرێم خراونەتە ژێرباری قەیرانێکی ئابوری قورس ،  گەندەڵی لە هەرێمدا گەیشتۆتە لوتکە،  مافی ژنان پێشێل دەکرێت و  یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی وەلا دەخرێت. ئالەم کاتەدا دەبووایە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەست پێشخەر و چالاک بوایە بۆ سازانی نیشتیمانی بە مەبەستی لە ناوبردنی هەموو ئەو مەترسی و کێشانەی کە ڕووبەڕووی پرۆسەی سیاسی بونەتەوە  و هەنگاوی فعلی هەبوایە بۆ بەرەو کۆمەڵگایەکەی دیموکراسی، یەکسان و مەدەنی کە مافی تاک تێیدا پارێزراوبێت. کە چی لە باتی ئەو هەموو ململانیی سیاسیەکە لەسەر مانەوەی سەرۆکی هەرێمە لەسەر تەختی سەرۆکایەتی.

ئامینەی کاکە باوەو جەبار ئەمین داوا دەکەن لەم هەل و مەرجی ئێستادا گرنگە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان پەرە بە پرۆسەی دیمۆکراسیەت بدەن نەک بەرتەسکی بکەنەوە. ئالەم بارە سیاسییە ناهەموارەدا، گرنگە هەرێمی کوردستان ببێتە پاڵپشتێک بۆ خەڵکی پارچەکانی تری کوردستان و خەباتەکەیان، نەک هاوکاری داگیرکەران بکەن. لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا پێویستە دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی توندڕەوی ئیسلامی بێتەوە، نەک  ڕێگایان پێبدات هێرش بکەنە سەر ژنان و پێشکەوتووخوازان.

  



AM:11:32:17/08/2015