سەعدی پیرە: یەكێتی هیچ قازانجێك لەشكاندنی بارزانیدا ناكات

‌سەعدی ئەحمەد پیرە
ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەڵامی نێچیرڤان بارزانی‌و محەمەدی حاجی مەحمود دەداتەوە.

لەوەڵامی قسەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم کە وتبووی (یەکێتی دەیەوێت کاک مەسعود بشکێنێت)، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت "من لەوەڵامی ئەو قسەی نێچیرڤاندا وتوومە، باشە یەکێتی چ قازانجێک لەشکاندنی بارزانیدا دەکات؟".

سەعدی ئەحمەد پیرە لە لێدوانێك بۆ ماڵپەڕی تۆڕی هەواڵی سلێمانی هەروەها وەڵامی محەمەدی حاجی مەحمود سکرتێری حیزبی سۆسیالیستی دیموکراتی كوردستان دەداتەوە.

محەمەدی حاجی مەحمود بەمیدیاکانی پارتی وتووە:"سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕایگەیاندووە، یەکێتی ڕازییە بەدرێژکردنەوەی ویلایەتی مەسعود بارزانی بۆ دوساڵی دیکە".

لەوبارەیەشەوە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت:"من قسەی وام نەکردووە، بەڵام دەکرێت سکرتێری سۆسیالیست بەو شێوەیە خوێندنەوەی کردبێت".

سەعدی پیرە ڕونکردنەوەی زیاتریداو وتی:"ئێمە وەکو یەکێتی، پرسەکە بەشەخسی نازانین، ئەگەر کێشەیەک ھەبێت بەناوی سەرۆکایەتی ھەرێم، ئەوە پرسێکی یاساییە".

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی جەختی لەسەر داخوازیەکانی یەکێتی کردەوەو وتی:"داخوازی یەکێتی ئەوەنییە کێ سەرۆکە، بەڵکو ئەوەیە، کە دەسەڵاتی سەرۆک چییە، چونکە یەکێتی پێیوایە؛ دەسەڵاتی سەرۆک دەبێت لەگەڵ سیستمی پەرلەمانی بگونجێت".

پیرە ئەوەشی ڕاگەیاند، بەوپێیەی یەکێتی کاندیدی بۆ ئەو پۆستە نییەو نەشی بیستووە ھیچ لایەنێکی تریش کاندیدی ھەبێت، "بۆیە بۆ یەکێتی گرنگ نییە کە ئاخۆ سەرۆک لەکام لایەن ھەڵدەبژێردرێت".

لەکۆتایی قسەکانیشیدا سەعدی پیرە ڕایگەیاند، بۆ یەکێتی گرنگ نییە سەرۆک لەکێ ھەڵدەبژێردرێت، بەڵکو گرنگ ئەوەیە دەسەڵاتی چییە، چونکە وەکو ئەو وتی:"بەوپێیەی زۆربەی لایەنەکان سیستمی پەرلەمانییان دەوێت، لەبەرئەوە دەمانەوێت دەسەڵاتەکانی سەرۆکیش پەرلەمانیی بێت، نەک سەرۆکایەتی".



PM:02:28:19/08/2015