میترۆ: تەشویش مۆتەكەی ئازادی میدیاو رادەربڕینە

سەنتەری میترۆ بە توندی هەڵمەتی (پارازێت – تەشویش) بۆ سەر هۆیەكانی راگەیاندن ئیدانەو شەرمەزار دەكات و رایدەگەیەنێت فەرهەنگی تەشویش بەشێك بوو لە سیاسەتی دژە ئازادی میدیای حكومەتی بەعسی لە گۆڕنراو.

ئاوات عەلی بەڕێوەبەری كەناڵی NRT بە میترۆی راگەیاند ماوەیەكە بە شێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕیژراو تەشویش دەخرێتە سەر كەناڵەكەمان و پێگەی ئەلیكترۆنی‌و لاپەڕەی تایبەتی NRT و لەكاتی زۆر هەستیاردا رێگرە لە گەیاندنی پەیامی راستگۆی و هاوسەنگی و بوێری كەناڵەكەمان دەدرێت. 

ئاوات وتی " تشویشەكە بەرنامە بۆ داڕێژراوی ئەلیكترۆنییەو لە لایەن كۆمپانیای تایبەتمەندەوە پێمان راگەیانراوە چۆن ئەو بەرنامەیە داڕیژراوەو بەرداوم بەرپەرچ دەدرێتەوە".

ماوەی دوو رۆژیشە پێگەی ئەلیكترۆنی گۆڤاری لڤین كە یەكێكە لەو سەرچاوانەی هەواڵ كە زۆرترین خوێنەر زانیاری لێ وەردەگرێت كەتۆتە بەر هەڵمەتی تەشویش.

ئەحمەد میرە سەرنوسەری گۆڤاری لڤین، بە میترۆی ووت " دوو رۆژە هەڵمەتی تەشویشمان لەسەرە و بۆتە هۆی راوەستانی پێگەی ئەلیكترۆنی گۆڤارەكەمان".
 
میترۆ پشتیوانی خۆی بۆ تۆڕی هەواڵی نالیا (NRT) و پێگەی ئەلیكترۆنی گۆڤاری لڤین رادەگەیەنێت و ئەو هەوڵانە شەرمەزار دەكات.
هەوڵی سانسۆرو تەشویش بۆ سەر ئازادی میدیا لە هەرێمی كوردستان، سیاسەتێكی مایەپووچەو بەشێك بوو لە سیاسەتی دژە میدیای رژێمی بەعسی لە گۆڕنراو، پێویستە هەموان بەری لێبگرین.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.



AM:08:41:20/08/2015