بۆ بانگهێشتكردنی بارزانی واژۆ كۆدەكرێتەوە

دەوڵەتی یاسا، کار بۆ لێپرسینەوە لە ھۆکارەکانی کەوتنی قەزای شنگال دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش پەرلەمانتارەکانیان لە ئەنجومەنی نوێنەران، لەھەوڵی کۆکردنەوەی واژۆدان بۆ دادگاییکردنی مەسعود بارزانی و چەند بەرپرسێکی باڵای ھێزی پێشمەرگە.

حەیدەر مولا، پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبەیاننامەیەكدا ئاشکرایکردووە، کوتلەکەیان بە جدی کار لەسەر بەسزاگەیاندنی ئەو کەسانە دەکەن کە ھۆکاری سەرەکیی بوون لە داگیرکردنی قەزای شنگال.

رۆژی ٣ی ئاب-ی ساڵی پار، تیرۆریستانی داعش لە ھێرشێکدا، تەواوی قەزای شنگال و دەوروبەریان داگیرکرد، کە لەژێر دەستی ھێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو.

پەرلەمانتارەکەی ھاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا، داوایکرد تۆمەتبارانی تاوانی داگیرکردنی شنگال بدرێنە دادگا و سزای پێویست بدرێن، راشیگەیاند: واژۆی پێویست لەدژی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و ھەموو ئەو فەرماندانەی ھێزی پێشمەرگە کۆدەکەینەوە، کە ھۆکاری کەوتنی قەزای شنگال بوون.

حەیدەر مولا، ھۆکاری داگیرکردنی قەزای شنگال و تاوانی کوشتن و رفاندنی ھاولاتیانی ئێزدی، خستە ئەستۆی مەسعود بارزانی و ئەو ھێزەی پێشمەرگە، کە ئەرکی پاراستنی قەزاکەیان لەئەستۆ گرتبوو.



PM:04:49:22/08/2015