یەكێتی: پارتی شەڕی ناوخۆ بەبیر خەڵکی کوردستان دەھێنێتەوە

ئەندامێكی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  دەڵێت: پارتی بەھەڕەشەو بەکارھێنانی وشەی کودەتا، شەڕی ناوخۆ بەبیر خەڵکی کوردستان دەھێنێتەوە.

لەبەرامبەر لێدوانێكی عەلی عەونی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی كە دەڵێت: پەرلەمان بەئەنجامدانی کۆبونەوەکەی ٢٣ی حوزەیران وێڕای توڕەکردنی مەسعود بارزانی، کودەتایەکی بەپلەی ئاڵتونی ئەنجامدا. فەرید ئەسەد سەرد ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی  ڕاگەیاند: ئەو پەرلەمانەی کە پارتی تۆمەتی کودەتای دەداتە پاڵ، لەکۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو، خولی تازەی دەستپێکرد، ھەموو پەرلەمانتارەکانیان بەشداربوون".

ئەسەسەر دەپرسێت "ئەگەر پەرلەمان کودەتای کردبێت، چۆن پەرلەمانتارانی پارتی بەشدار دەبن لەو خولەو بەرنامەکانی؟"
لەبارەی وشەی "کودەتا"ش، کە ئەندامەکەی سەرکردایەتی پارتی ئاماژەی بۆ کربوو، فەرید ئەسەسەرد وتی:" تاکە لایەن کە ئەم وشەیەی بەکارھێنان، پارتی دیموکراتی کوردستان بوو کە لەساڵی ١٩٩٤ تۆمەتی کودەتایان دایە پاڵ یەکێتی، ئێستاش کە زیاتر لە ٢٠ ساڵ تێدەپەڕێت، بۆ دووەمجار گوێبیستی ئەم وشەیە دەبینەوە، ئەویش ھەر لەسەر زاری پارتییەوە"

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی ئەوەشدەخاتەڕوو کە لەناو ھیچ کام لەحزبەکانی تری کوردستان، وشەی کودەتا بەکارنەھێنراوەو دەشڵێت:" یەکەمجار وشەی کودەتا لەلایەن پارتییەوە ھێندراوەتە ناو فەرھەنگی کوردییەوە، جگە لەوە ھیچ کوردێک بەکاری نەھێناوەو ھیوادارین پارتیش واز لەو وشەیە بھێنێت".

لەبارەی ھێرشی میدیاکان بۆ سەر لایەنەکانیش ئەوەی ڕاگەیاند کە میدیاکانی پارتی زۆرترین ھێرش دەکەنە سەر لایەنەکانی تر، بەپێچەوانەشەوە میدیاکانی ھەریەک لەیەکێتی و گۆڕان و حزبە ئیسلامییەکان ئەگەر باس لەبابەتێکی گەرمی ئێستاش بکەن، نوێنەرێکی پارتی بۆ بەرگریکردن لەخۆیان بانگھێشت دەکەن.

لەبارەی تێکدانی دۆخی ھەرێمی کوردستانیشەوە، فەرید ئەسەسەر نەیشاردەوە، چوار لایەنەکە بەرنامەیان نییە بۆ تێکدانی ئارامی کوردستان و ئەوەشی وت:" میدیاکان ئاوێنەی سیاسەتی حزبەکانیان، تاکە لایەنیش کە وشەی کودەتا بەکاردەھێنێت میدیاکانی پارتین، بەجۆرێک پارتی ئەوەندەی وشەی کودەتا بەکاردەھێنێت، وشەی سازانی بیرچۆتەوە".
وتیشی:" پارتی بەھەڕەشەو بەکارھێنانی وشەی کودەتا، شەڕی ناوخۆ بەبیر خەڵکی کوردستان دەھێنێتەوە".



PM:02:12:04/09/2015