پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەی چاکسازیی مووچە ڕادەگەیەنێت

بڕیارە لەم هەفتەیەدا سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، لیژنەی دارایی پەرلەمان ڕاسپێرێت بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتی تایبەت بە پڕۆژەی چاکسازیی  لە موچەی فەرمانبەران و کەمکردنەوەی موچە و دەرماڵەی پلە تایبەت و باڵاکانی هەرێمی کوردستان. ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو سیستەمە چاکسازییەدایە کە پەرلەمانی کوردستان لە خولی نوێی کارکردنیدا کاری بۆ دەکات.

نووسینگەی ڕۆژنامەوانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا سەبارەت بە چاکسازیی و دادپەروەریی لە موچەی فەرمانبەراندا ڕایگەیاند "دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستانی ڕاسپردووە لەوبارەیە ڕاپۆرتی تایبەت ئامادە بکات، بۆ ئەوەی بە زووترین کات سیستەمی دادپەروەریی لە نێوان موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پەیڕەو بکرێت و چاکسازییەکی بنەڕەتی لە سیستەمی موچەی سەرجەم فەرمانبەراندا بکرێت.

لەبارەی پڕۆژە چاکسازییەکەش، لە ڕاگەیەنراوەکەی نووسینگەی ڕۆژنامەوانی سەرۆکی پەرلەماندا هاتووە، ئێستا چوار پڕۆژەی تایبەت لە لیژنەی دارایی پەرلەمانە، بە زووترین کات ڕاپۆرتی لەبارەوە ئامادە دەکرێت و دەکرێت یەک پڕۆژە و دواتر بە پێی پڕۆژەکان موچە و دەرماڵەی هەر سێ سەرۆکایەتی و سەرجەم پلە تایبەتەکان کەم دەکرێتەوە.



AM:09:56:13/09/2015