ساڵح موسلیم: بێجگە لە یەپەگە هیچ هێزێكی سەربازیی دیكە قبوڵ ناكەین

هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتی (پەیەدە) رایگەیاند: بەهیچ شێوەیەك نابێت دوو هێزی سەربازیی لە رۆژئاوا بوونی هەبێت‌و بێجگە لە یەپەگە هیچ هێزێكی دیكە قبوڵ ناكەین.

ساڵح موسلیم وتیشی: ئەگەر پێوسیت بكات داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەین كە هاوكاری سەربازیمان بكات.

ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پەیەدە لە چاوپێكەوتنێك لەگەڵ كەناڵی (NRT) وتی: بەپێی پەیڕەویی ناوخۆی حزبەکەی ناتوانێت خۆی هەڵبژێرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد كە پەیەدە دەستوەرناداتە کاروباری کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان.

موسلیم وتیشی: دەمانەوێت هاوشێوەی هەرێمی کوردستان حکومەتی خۆمان هەبێت، هاوکات سەبارەت بە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ بارزانی وتی، لایەنی ئەمەریکیش بەشدار بووە.

سەبارەت بە دەستدرێژییەکانی سوپای تورکیا سالح موسلیم  وتی: ئەگەر توركیا سنورەكانی رۆژئاوا ببەزێنێت خۆی توشی كێشەیەكی گەورە دەكات.

هاوسەرۆكی پەیەدە سەبارەت بە شەڕی ناوخۆیی سوریا وتی: ئێمە دەمانزانی كە حكومەتەكەی بەشار ئەسەد بە ئاسانی ناروخێت.

سەبارەت بە هاوكارییەكانی ئەمەریكا‌و هاوپەیمانان لە شەڕی دژی داعش، هاوسەرۆكی پەیەدە وتی: ئەمەریكا تەنا بەهێرشی ئاسمانیی هاوكاریی كردوین.



PM:01:46:21/09/2015