هاوسەرۆكی نوێی كەنەكە هەڵبژێردرا

ئەمرۆ ١٥هەمین دانیشتنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا کۆتایی هات ‌و هاوسەرۆكی نوێ هەڵبژێردرا.

دوێنێی شەممە هەڵبژاردن بۆ هاوسەرۆكی نوێی كەنەكە كراو هەریەك لە رێبوار رەشید و نیلۆفەر کۆچ وەک هاوسەرۆکی کەنەکە هەڵبژێردران.

بەپێی راگەیەنراوێكی دەستەی بەڕێوەبەری كۆنگرەكە، لەو دانیشتنەدا كە سێ رۆژی خایاند چەندین خاڵ لە لایەن بەشداربووانەوە پەسەند كرا كە ئەمانەن:

١- کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بگەڕێتەوە کوردستان.

٢- لەدژی سیاسەتەکانی ئاک پارتی دژی کورد لە تورکیا رێپێوانێکی فراوانی جەماوەری رێکبخرێت.

٣- کار بکرێت بۆ ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە.

٤- ئەندامانی کەنەکەی هەر چوار پارچەی کوردستان لە یەک کۆمسیۆندا خۆیان ببیننەوە.

٥- پرۆژەیەکی دیموکراتیبوونی سیاسەتی باشووری کوردستان پێشکەش بکرێت.

٦- یەکێتیی ئێزدییەکان بەهێزتر بکرێت.

٧- مافی هەموو پێکهاتەکان لە کوردستان مسۆگەر بکرێت.

٨- ئازادیی ژن لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەرەو پێش بچێت.



PM:05:11:27/09/2015