پارتی داوا دەکات د. یوسف محەمەد وازبهێنێت

پەرلەمانتاری پارتی، دڵشاد شەعبان داوا دەکات سەرۆکی پەرلەمان، د. یوسف محەمەد دەست لە پۆستەکەی بکێشێتەوەو وازبهێنێت.

دڵشاد شەعبان جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەماڵپەڕی فەرمی حیزبەکەی راگەیاند'' شەرم دەکەم ئەندامی پەرلەمانێک بم کە تۆ سەرۆکی بی و ئیفلیج کراوە، زۆر لە ئەندامانیش نایانەوێت سڵاوت لێ بکەن، بەڵام حەسودی بە حکوومەتێک دەبه‌م کە ئەندامەکانی لە رۆژی لەدایکبوونی سەرۆکەکەی، دیاری و کێکی بۆ دەبه‌ن.''

(شەعبان) جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، ''پێشتریش گوتوومە و ئێستایش دەیڵێمەوە، ئێوە پیاوی دەوڵەت نین، چونکە لە ڕووی مەنتقی هێزه‌وه‌ ھیچتان پێ نییە و، لە ڕووی فکر و ئەکادیمیایشەوە یەک زەڕە گۆڕانکاریتان پێنەکراوە و ناشتوانن بیکەن، باشترین چارەسەر ئەوەیە واز بێنن، بۆئەوەی خەڵکێکی دیکەی بە توانست، ئەم شوێنەی ئێوە بگرێتەوە و ئارام بێت.''

 دڵشاد شەعبان دەڵێت "پێم سەیرە سەرۆکی دەزگایەکی گەورە، کە متمانەی بە حکوومەتێک داوە، ئێستا وا بە لاوازی لە رێگای میدیاوە باس لەوە دەکات کە، پێویستە ئەو حکوومەته‌ ددان بەوە دابنێت کە ناتوانێت کێشەی مووچە چارەسەر بکات و، 20ملیار دۆلاریش قەرزدارە، هه‌ڵبه‌ت پێویستە سەرۆکی پەرلەمان بە فەرمی لە ھۆڵی پەرلەمان ئەو قەسەیه‌ی ئاراستەی حکوومەت بکات نەک لە رێگەی میدیاوە و، ئەوەی سەیریشە ئەوەیە، سەرۆکی پەرلەمان نازانێت حکوومەت چەند قەرزدارە و ھەر لە خۆیەوە ژمارەیەک فڕێ دەدات کە راست نییە.''

لە درێژەی قسەکانیدا شەعبان دەڵێت''سەرۆکی پەرلەمان کە نەتوانێ وەزیرێک بانگھێشتی پەرلەمان بکات و، توانای ھەموارکردنەوە و دەرکردنی یاسایەکی نەبێت و، لەژێر سیاسەتە خراپەکەیدا، پەرلەمانی بەسەر دووبەرە دابەش کردبێت، ئەمە مانای ئەوەیە کە پێویستە پێش ھەموو کەسێک جەنابت ددان بەوەدا بنێیت کە پەرلەمانت ئیفلیج کردووە و، گرینگترین کورسیی ئەم ھەرێمەیشت داگیر کردووە، بەبێ ئەوەی ھیچ سوودێک بە ھاووڵاتیان بگەیێنی.''

پێش چەند هەفتەیەک دڵشاد شەعبان لەلێدوانێکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە شەرمە لەگەڵ " تیرۆریستێک" ی وەک سۆران عومەر ئەندام پەرلەمان بێت، ئەمرۆش دەڵێت" شەرم دەکەم ئەندامی پەرلەمانێک بم د. یوسف محەمەد سەرۆکی بێت".  



PM:03:42:29/09/2015