پارتی: لایەنێکی سیاسی لەرووداوەکەی قەڵادزێ تۆمەتبار دەکات

پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا لایەنێکی سیاسی تۆمەتبار دەکات بە گۆڕانی ئاراستەی خۆپیشاندانی قەڵادزێ و دەڵێت" هەر دەستدرێژیکردنێکیش بۆسەر بارەگاکانمان و سەروماڵی کادیرانمان بەبێ باج نابێت".

مەکتەبی سیاسی پارتی لەسەر رووداوەکەی قەڵادزە راگەیەنراوێک بڵاودەکاتەوەو، دەڵێت " ئەمڕۆ لە شاری قەڵادزێ، بەهاندانی لایەنێکی سیاسی بێ هەبوونی هیچ پاساوێک ئاراستەی خۆپیشاندەرانی ئەو شارەیان گۆڕی بەرەو بارەگای لیژنەی ناوچەمان، لەئاکامی هەوڵدان بۆ دەستدرێژیکردنە سەر بارەگا و کادیر و پێشمەرگە پاسەوانەکانی ئەو بارەگەیە لە چوارچێوەی هێرشە بێ پاساوەکەدا، بەداخەوە روداوی نەخوازراو روویدا".  

ده‌قی راگه‌یاندراوه‌كه‌:

جەماوەری خۆڕاگری کوردستان

ئەمڕۆ لە شاری قەڵادزێ، بەهاندانی لایەنێکی سیاسی بێ هەبوونی هیچ پاساوێک ئاراستەی خۆپیشاندەرانی ئەو شارەیان گۆڕی بەرەو بارەگای لیژنەی ناوچەمان، لەئاکامی هەوڵدان بۆ دەستدرێژیکردنە سەر بارەگا و کادیر و پێشمەرگە پاسەوانەکانی ئەو بارەگەیە لە چوارچێوەی هێرشە بێ پاساوەکەدا، بەداخەوە روداوی نەخوازراو روویدا. لەو بارودۆخە هەستیارەی کوردستان هەوڵدان بۆ زیاتر گرژکردنی بارودۆخ و تێکەڵاوکردنی پرس و کێشە لێک جیاوازەکان هیچ گرفت و قەیرانێک چارەناکات جگە لە خزمەتگەیاندن بە دوژمن و ناحەزانی کورد و کوردستان.
لەم کاتەدا بەرپرسیاریەتی دەکەوێتە ئەستۆی هەموو لایەک بۆ هێورکردنەوە و ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە، پێویستە ئیدارە و دامودەزگاکانی ئاساییش و پۆلیس لەو دەڤەرانەی کە گرژی و ئاڵۆزیان تێدا دروستبووە مەسئولیەتی پاراستنی بارەگا و سەروماڵی کادرانمان بەئەستۆ بگرن و پارێزراوبن لە دەستدرێژی، ناکرێت سوکایەتی بە بارەگاکانمان بکرێت و لێپێچینه‌وه‌یش نەکرێت یان هەوڵی بەرگریکردن نەدرێت.
هەر دەستدرێژیکردنێکیش بۆسەر بارەگاکانمان و سەروماڵی کادیرانمان بەبێ باج نابێت.
مەکتەبی سیاسی
پارتیی دیموکراتی کوردستان



PM:10:37:09/10/2015