بەیاننامەی یەكگرتوو: دژی دوو ئیدارەییو شكاندنی شكۆی دامەزراوەكانی هەرێمین
مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەیاننامەیەكی لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوەو تێیدا رایدەگەیەنێت: یەكگرتووی ئیسلامی وەك هەمیشە دژی دوو ئیدارەیی و شكاندنی شكۆی دامەزراوە سیاسی و دەستوری و شەرعیەكانی هەرێمی كوردستانە.
لەبەیاننامەیەكدا مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە ئەمرۆ دووشەممە 2015/10/12 بڵاوی كردۆتەوە رایدەگەیەنێت: داوا لەهەموو لایەك دەكەین بەدان بەخۆداگرتن و دووربینی و ئاییندەسازی و دوور لە زمانی زبرو گیانی تۆڵەكردنەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەین تاكو ئاراستە هەڵەی پرۆسەی سیاسی رابگرین و ئەزمونی نیمچە دیموكراسیمان بگێرینەوە بۆ رێڕەوە سیاسیەكەی خۆی و ئەزمونە تاڵەكانی رابردووی حوكمرانی كوردستان دووبارە نەكەینەوە .
دەقی راگەیەندراوەكە:
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
هاوڵاتیانی سەربەرزی كوردستان
كەس و كاری شەهیدان
پێشمەرگە قارەمانەكان
رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی
حزب و لایەنە سیاسیەكان
بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەرێمەكەمان بەدۆخێكی ناوخۆیی ناتەندروست تێدەپەرێت و پرۆسەی دیموكراسی بەئاراستەیەكی نەخوازراو دا دەروات ، ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هەر لەسەرەتاوە پێشبینی ئەم دۆخەمان دەكرد ، بۆیە داوای لەیەكتر گەیشتن و سازانمان دەكرد لەنێوان لایەنەكاندا تاكو ئەزمونەكەمان لەدابەشبون و لێكترازان بپارێزین، بەڵام بەداخەوە ئەم دڵسۆزیەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەلایەن هەندێك كەس و لایەنەوە نەنرخێندراو خوێندنەوەی هەڵەو نادروستی بۆ كرا، لای هەموان ئاشكرایە لەلایەكیتریشەوە شەری تیرۆر (داعش) و روبەروبونەوەی مەترسیەكان ، پێویستی بە رێكخستنی نێوماڵی كوردی و یەكدەنگی و یەكریزی لایەنەكانە .
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وەك هەمیشە دژی دوو ئیدارەیی و شكاندنی شكۆی دامەزراوە سیاسی و دەستوری و شەرعیەكانی هەرێمی كوردستانەو دەبێت هەموان خەمی پاراستن و گەشەدان بەو دەستكەوتە نەتەوەیی و نیشتیمانیانە دابین و نەیانكەینە ئامرازو میكانیزمی یەكلاكردنەوەی ململانێ سیاسی و حزبیەكان ، بەڵكو بەپێی چوارچێوەو رێكارە یاساییە كارپێكراوەكان مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت كەبەداخەوە ئەوەی ئەمرۆ روودەدات پێچەوانەی ئەو رێكارە كارپێكراوانەیە .
بۆیە داوا لەهەموو لایەك دەكەین بەدان بەخۆداگرتن و دووربینی و ئاییندەسازی و دوور لە زمانی زبرو گیانی تۆڵەكردنەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەین تاكو ئاراستە هەڵەی پرۆسەی سیاسی رابگرین و ئەزمونی نیمچە دیموكراسیمان بگێرینەوە بۆ رێڕەوە سیاسیەكەی خۆی و ئەزمونە تاڵەكانی رابردووی حوكمرانی كوردستان دووبارە نەكەینەوە .
جەماوەری خۆشەویست:
ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانەوە پشتگیری داواكردنی مافە مەدەنی و پیشەیی و چاككردنی بژێوی پێشمەرگەو مامۆستایان و فەرمانبەران و سەرجەم چین و توێژەكان دەكەین بەشێوازی مەدەنی و ئاشتیخوازانە لە چوارچێوەی رێكارە یاساییەكان ، هەروەها داكۆكی لە پاراستنی موڵك و ماڵی گشتی و دووركەوتنەوە لە زیانگەیاندن بەدام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێم و سوتاندنی بارەگای حزبە سیاسیەكان دەكەین و هەموو جۆرە توندوتیژیەك و تەقەكردنێك لە هاوڵاتیان و بارەگاكان لەهەر كەس و لایەنێكەوە بێت ئیدانەی دەكەین .
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان جەخت دەكاتەوە لە پاراستنی گیانی پێكەوە ژیان و لێبوردەیی و یەكدەنگی و یەكریزی گەلەكەمان چونكە بناغەی پاراستنی ئەزمونی سیاسی و حوكمرانیمانە لەهەموو هەڵەیەك و بەهەڵەدابردنێك .
سەبارەت بەرووداوەكانی 12/10/2015 یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان نیگەرانی قوڵی خۆی دەردەبرێت ، چونكە ئاییندەی سیاسی و دیموكراسی هەرێمەكەمان ڵێڵ و تەم و مژاوی دەكات ، بۆیە هاوڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە ئێمە لەهەوڵەكانمان لەگەڵ لایەنەكان بەردەوام دەبین بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكەو دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ كێشەكان هەتا دۆخەكە بگێرینەوە بۆ بارە ئاساییەكەی خۆی .
مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
12/10/2015
PM:04:47:12/10/2015