مەلا بەختیار: چاوەڕوانی گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا دەكەین

لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی ھەڵوێستی حزبەکەی لە رەتکردنەوەی دوو ئیدارەیی و پەکخستنی پەرلەمان و حکومەت ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە چاوەڕوانی گەڕانەوەی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەن بۆئەوەی دوا بڕیار لەسەر دۆخەکە بدەن.
 
لەمیانەی وتارێکیدا لە مەراسیمی چلەی ماتەمینی شەھید لیوا سەفین مەلا مەجید گوێڕی، کە ئەمڕۆ لەھەولێر بەڕێوەچوو، مەلا بەختیار ڕایگەیاند: پرۆسە سیاسی ھەرێمی کوردستان لەمەترسیدایە، جگە لەوەش لەچەند حزبێک و چەند کەسانێک قسەی بەرزو نزم دەکەن، کە لەدونیای سیاسەت تازەن و ھێشتا نەپروکاون.

ئەوەشی وت:" ھەر ئەوکەسانە تیری ژەھراوی لەیەکێتی دەگرن، ئەوانە نە یەکێتی دەناسن و نە ئایندەبینن، یەکێتی ناسەکان ھەڵسوکەوتی واقعیانە لەگەڵ یەکێتی دەکەن".

 لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، لەبارەی مانەوەی یەکێتی لەحکومەتی ھەرێم ڕونیکردەوە: ئێمە لەپەرلەمان و حکومەت و سەنگەرەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبین و سوورین لەسەرئەوەی ئەو ئەرکەی لەھەڵبژاردن میللەت پێی داوین، بیبەینە سەر.
وتیشی:" ئەمە بڕیاری سیاسی نییەو بڕیارو متمانەی میللەتە بە یەکێتی، ئەم حکومەتە بەھەموو کەموکوڕییەکانیەوە، ئەگەر غەدریشمان لێکرابێت، شانمان دوورنەخستۆتەوەو بەردەوامیش دەبین".
 
لەبارەی لێدوانی بەشێک لەبەرپرسانیش، تایبەت بەبنبەست گەیشتنی کارەکانی حکومەت و پەرلەمان، مەلا بەختیار نەیشاردەوە کە ڕەنگە بەشێکی حکومەت و پەرلەمان ڕووخابێت، " بەڵام لای ئێمە بنمیچی حکومەت و پەرلەمان نەڕوخاوەو تەنھا کۆڵەکەیەکی ڕوخاوە، یەکێتی بەم کاروکاردانەوەیە لەلایەن ھەرلایەکەوە بێت بەرچاوی ڕەش نابێت، پەرۆشی پاراستنی پەیوەندییەکانیشی دەبێت لەسەرجەم ڕووەکانەوە لەگەڵ لایەنەکان".
 
سەبارەت بەگرژی و ئاڵۆزی نێوان لایەنەکان و دەستێوەردانی دەرەکیش لەکاروباری ناوخۆی ھەرێم، مەلا بەختیار ھۆشداریدا کە دەوروبەرمان ئاگرەو لەناوخۆش ھەندێک بەرمیلی پڕ لەباروتی نەتەقیو ھەیە، "ئەوەی پێویستە ئێستا دوورخستنەوەی ئەو ئاگرەی دەوروبەرە لەبەرمیلە پڕ لەباروتەکانی ناوخۆ".

وتی:" ھەستەکەین ھەلومەرجەکە ئەرکی زۆر قورسی خستۆتەسەرشانمان، نامانەوێت ھیچ لایەنێک غەدر لەلایەنێکی تر بکات و لەگەڵ ھیچ لایەنێک ناچینە سەنگەری دوژمنایەتی لەگەڵ لایەنێکی تر".
 
لەبارەی ھەڵوێستی یەکێتیش بۆ دروستبوونی دوو ئیدارەیی لە ھەرێم، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕەتیکردەوە حزبەکەی لەگەڵ دروستبوونی دوو ئیدارەیی بێت و جەختیکردەوە کە بەتوندی دژی دوو ئیدارەیین و ھەر ھەنگاوێکی ھەڵەش لەڕووی یاسایی و ئیداریی و جموجۆڵی سەربازییەوە زەمینەیەک بۆ دوو ئیدارەیی دێنێتە پێشەوەو ئێمەش بەبێ وەستان کپی دەکەینەوەو ڕێگە بەو ھەڵانە نادەین.
 
لەبارەی دوا بڕیاری یەکێتیش لەسەر دۆخی ئێستای ھەرێم، مەلا بەختیار دەڵێت:" چاوەڕوانی گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا دەکەین، بۆئەوەی زنجیرەیەک کۆبوونەوە ساز بکەین و بۆچوون و ھەڵوێستی سەرجەم لایەنەکان لەسەر ئەو دۆخەی ئێستا دروستبووە وەربگرین".

ئاماژە بەوەشدەکات، مەکتەبی سیاسی لەسەر ڕۆشنایی ئەو زنجیرە کۆبوونەوانە خۆی ساغ دەکاتەوەو تاوتوێی سەرجەم بۆچوون و ھەڵوێستەکانیش دەکات، دوای ئەوەش دوا بڕیاری خۆی ئاراستەی سەرجەم لایەنەکان دەکات.

ھەر لەمیانەی وتەکەیدا مەلا بەختیار ھیواشی خواست، مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و سەرکردەی لایەنەکانی تریش، پێکەوە ھەوڵبدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، نەک زیاتر قوڵکردنەوەیان.



PM:10:10:13/10/2015