وەزیری خوێندنی باڵا داوا لەمامۆستایان دەکات بگەڕێنەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن

وەزیری خوێندنی باڵا د. یوسف گۆران لە پەیامێکدا داوا لە مامۆستایانی زانکۆکانی سلێمانی و رانیەو کۆیەو گەرمیان و هەڵبجە دەکات بگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن و درێژە بەدەوام بدەن.

لەو پەیامەدا د. یوسف گۆران دەڵێت" گەڕانەوەتان بۆ ناوەندە ئەكادیمیەكان‌و هۆڵەكانی خوێندن‌و زانست‌و مەعریفە، بەهیوام گەڕانەوەتان بۆ هۆڵەكانی خوێندن بەجۆرێك بێت، كە هەر لە ئەمڕۆوە بەنوكی پێنوسەكانتان‌و بەبیرو هزرە‌ تیژەكانتان هەنگاو هەڵنێن بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی ئاستی زانكۆو پەیمانگەكان".

دەقی پەیامەکە
مامۆستایانی بەڕێز
فەرمانبەرانی ئازیز

بەڕێزان لە زانكۆكانی (سلێمانی، كۆیە، هەڵەبجە، ڕاپەڕین، گەرمیان، چەرموو، زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی‌و توێژینەوەی زانستی‌) وەك دەزانین هەرێمی كوردستان بە بارودۆخێكی سیاسی‌و ئابوری‌و ئەمنی یاسایی تایبەت گوزەر دەكات، لەلایەك هەرێمەكەمان ڕووبەڕووی ڕێكخراوی تێرۆرستی (داعش) بۆتەوەو، بەدرێژایی (1200)كم هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەرگری لە خاكی پیرۆزی كوردستان دەكەن، لەلایەكی دیكەشەوە ڕووبەڕووی قەیرانێكی دارایی نەخوازراو بۆتەوە.
بەلەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە تایبەتەی هەرێمی كوردستان، پێمان وایه شانبەشانی پێشمەرگەكان لەسەنگەری بەرگری،‌ مامۆستایان‌و فەرمانبەرانیش لەناوەندەكانی خوێندن هەمو كاتێك پێشەنگی كۆمەڵگە بون‌و، ڕۆڵیكی بەرچاو و گرنگیان لە ڕوی زانستی‌و بەڕێوەبردنی دەزگاو دامەزراوەكانی خوێندنی باڵادا هەبووەو هەیە، بۆیە ئێوە بەكۆڵەگەیەكی گرنگی بەرەوپێشبردنی زانست لە ناوەندە ئەكادیمیەكان‌و كۆمەڵگەكەمان دادەنێن.

مامۆستایان‌و فەرمانبەرانی بەڕێز
ئێمە وەك  وەزارەت پشتگیری تەواوی ماف‌و داخوازییەكانتان دەكەین، پێمان وایە مامۆستایان‌و فەرمانبەران نەك هەر مافی خۆیانە دەستەبەری ئەو داواكارییانەتان بۆ بكریت، بەڵكو ئەركی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی‌و حكومەتی هەرێمی كوردستانیشە‌ ئەو مافەتان بۆ دابین بكات، بۆیە ئێمە لای خۆمانەوە بەڵێنتان پێ دەدەین بەدواداچون بۆ داخوازییەكانتان بكەین‌و، هەموو هەوڵێكی خۆشمان دەخەینە گەڕ بۆ دابینكردنی ماف‌و داواكارییەكانتان.

فەرمانبەران‌و مامۆستایانی ئازیز
لێرەدا بەپێویستی دەزانم  سوپاسی یەكە یەكەتان بكەم بۆ بڕیارەكەتان‌و، گەڕانەوەتان بۆ ناوەندە ئەكادیمیەكان‌و هۆڵەكانی خوێندن‌و زانست‌و مەعریفە، بەهیوام گەڕانەوەتان بۆ هۆڵەكانی خوێندن بەجۆرێك بێت، كە هەر لە ئەمڕۆوە بەنوكی پێنوسەكانتان‌و بەبیرو هزرە‌ تیژەكانتان هەنگاو هەڵنێن بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی ئاستی زانكۆو پەیمانگەكان، پێشمان وایە ئەم دەستپێكردنەوەی خوێندن لەم كاتەدا نەك هەر كاریگەری لەسەر داواكانتان نابێت، بەڵكو وا لە وەزارەت‌و حكومەتیش دەكات زیاتر بەدەم داواو داخوازییەكانتانەوە بێت، چونكە ئەو هەڵویستەی ئێوەی مامۆستاو فەرمانبەر ئەو ڕاستیەی لای كۆمەڵانی خەڵك دوپاتكردەوه، كە‌ پڕۆسەی خوێندن‌و فێربون لە پێشنەیی كارەكانتان داناوە، هەروەك دوپاتكردنەوەی ئەو ڕاستیەشە كە ئەركی مامۆستایان‌و فەرمانبەران جگە لە پەروەردەكردنی خوێندكاران، لەهەمان كاتدا ئێوە توێژیكی گرنگ‌و پێشەنگی كۆمەڵگەن‌و پێویست دەكات لەو بابەتە جیاوازانەی دێنە پێش هەڵوێستی خۆتان هەبێت، بەڵام لەوەش گرنگتر دیاریكردنی ئایندەی گەلەكەمان‌و پێگەیاندنی نەوەیەكی تەندروسته گۆشكردنی خوێندكاران بەچەك‌و زانستی سەردەم‌، بۆیە ئەوە وا دەكات زیاتر هەست بەبەرپرسیارێتی بكەن‌و، نەوەی نوێ پەروەردە بكەن‌و بەپرسیارێتی خۆتان بەرامبەر بەئایندە جێبەجێ بكەن.
لە كۆتایشدا دوبارە دەستخۆشیتان لێ دەكەین‌و هەڵوێستەكانتان بەهەند وەردەگرین، ئێمەش لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئەوەی لە تواناماندا بێت درێغی ناكەین‌و، پاڵپشت‌و پشتیوانتان دەبین‌و، بەدواداچون بۆ ئەو داواكارییانەشتان دەكەین كە لە ڕیگەی نوێنەرەكانتانەوە‌ گەیشتۆتە دەستمان.

د. یوسف گۆران
وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی
2015/10/25



PM:07:37:25/10/2015