سپی زانیاری ورد لە سەر کۆبوونەوەی حەکیم‌‌و یەکێتی وگۆڕان بڵاودەکاتەوە

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، عەمار حەکیم بەجیا لەگەڵ کۆسرەت رەسوڵ و هێرۆ ئیبراهیم و گۆڕان کۆدەبێتەوەو سپی زانیاری ورد لەسەر ئەو کۆبوونەوانە بڵاودەکاتەوە.

دوێنێ ٢/١١ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، عەمار حەکیم گەیشتە کوردستان و سەرەتا لە سلێمانی چاوی بە جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی کۆسرەت رەسوڵ و کارگیڕانی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە کەوت، دواتر سەردانی تاڵەبانی کردو لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم کۆبوەوە، پاشان سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانی کردو لەگەڵ جەلال جەوهەر و چەند هەڵسواڕاوێکی تری ئەو حیزبە کۆبووەوە، بەپێی زانیارییەکانی سپی لەو کۆبوونەوانەدا رای گۆڕان و یەکێتی هاوشێوە بوو لەسەر پرسی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، هەردوو لایەنی یەکێتی و گۆڕان لەگەڵ حەکیمدا جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە پێویستە پەرلەمان باری ئاسایی بکرێتەوە بۆ پێش ١٠/١٢ ، هاوکات بەهەمان شێوەش بارودۆخی حکومەتی هەرێم ئاسایی بکرێتەوەو وەزیرەکانی گۆڕان بگەڕێنرێنەوە.

سپی زانیویەتی حەکیم کە ئەمڕۆ وا بڕیارە لەگەڵ بارزانی و بەرپرسانی تری پارتیدا لەهەولێر کۆبێتەوە، دەیەوێت لەسەر ئەو بیرۆکەیە کار بکات کە پرسی ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم و پرسی سەرۆکایەتی هەرێم هەموویان پێکەوە گرێبدات و وەک یەک پاکێج مامەڵەیان لەگەڵدا بکات.

بەپێی ئەو زانیاریانە، حەکیم لەسەر ئەوە کاردەکات کە ئەو سێ پرسە پێکەوە گرێبدات و هەولێ لێکنزیکردنەوەی لایەنەکان و رێککەوتن لەسەر هەر سێ پرسەکە بدات.
     



AM:11:24:03/11/2015