هاوپەیمانی شیعە: دەبێت ئاسایشی خورماتوو بدرێتە دەست حکومەتی ناوەندی

گەورەترین هاوپەیمان لە عێراقدا کە هاوپەیمانی شیعەیە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دۆسیەی ئەمنی شارەکە بدرێت بە دەست حکومەتی ناوەندیەوەو ئەو بەرپرسبێت لە چەسپاندانی هێمنی و ئارامی.

لەبەیانێکی هاوپەیمانێتیەکەدا هاتووە "هاوپەیمانی شیعە بە سەرکردایەتی ئیبراهیم جەعفەری و بەبەشداری سەرۆک وەزیران حەیدەر عەبادی لەسەر چەند پرسێکی کە پرسی باری ئەمنی خورماتوو لە سەرو هەموویانەوە بووە، کۆبوونەوە".

هاوپەیمانی شیعە ئەو بارودۆخە رەتدەکەنەوە کە ئەو شارەی پێگەیووەو جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە حکومەتی ناوەندی بەرپرسە لەپاراستنی باری ئارامی شارەکەو پێویستە ئارامی بسەپێنێت و پارێزگاری لەگیان و ماڵی هاوڵاتیان بکات.

لەبەیانەکەدا هەموو جۆرە دیاردەیەکی چەکداری لەشارەکەدا رەتدەکەنەوەو دژی ئەوەن کە لایەنەکان پەنا ببنە بەر توندتیژی لەچارەسەرکردنی کێشەکاندا.

هاوپەیمانی نیشتمانی داوا لەو لایەنانە دەکات کە بوونەتە مایەی تێکچوونی ئارامی و دەستدرێژی دەکەنە سەر گیانی هاوڵاتیان دەستبەرداری ئەو کارانە بن و مل بۆ دەسەڵاتی دەوڵەت بدەن و لە کاتێکدا کە وڵات هەمووی لەقەیرانێکی ئەمنیدا دەژی.

لە رۆژی ١١/١٢ بارودۆخی ئەمنی شاری خورماتوو لەنیوان حەشدی شەعبی و کوردا رێکچووەو زەرەرو زیانێکی زۆری گیانی و مادی بەو شارە گەیشتووە. 



PM:12:54:17/11/2015