گۆران لەسەر سوكایەتیكردن بە ئاڵای كوردستان هاتە دەنگ

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆران لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بارەی سوكایەتی كردن بە ئاڵای كوردستان ڕایدەگەیەنێت، سوكایەتیكردن بە ئاڵای كوردستان بەشێكە لە پلانی تێكدانی نێوان پێهكاتەی كورد و شیعە، لەسەر كاربەدەستانی كەربەلا پێویستە رونكردنەوە بدەن و تاوانباران بدرێنە دادگا.

هۆشیار عەبدوڵا ؛سەرۆكی فراكسیۆنی گۆران لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق؛ لە لێدوانێكیی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەژێر پەرچەم و ئاڵای كوردستاندا هەزاران لاو و تاكی كورد گیانیان فیداكردوە و بۆ پارێزگاری لە شكۆی ئەو ئاڵایە بە گژ رژێمی دیكتاتۆریدا چۆتەوە و تا تاكێكی كوردیش مابێت داكۆكی لێدەكات.

دەشڵێت:"سوكایەتیكردن بە ئاڵای كوردستان لە پارێزگای كەربەلا، كە دانیشتوانەكەی لە مەزهەبی شیعەن لەگەڵ ئەومێژووە هاوبەش و دۆستایەتیە دێرینە یەكانگیر نابێتەوە، كە لەنێوان كورد و شیعەدا هەیە و پێویستە كاربەدەستانی ئەو پارێزگایە و هێز و لایەنە شیعیەكان سنورێك بۆ ئەو كارە هەمەجی و دور لە بەهایانە دابنێن.

ڕاشیگەیاندوە، ئەوانەی نوێنەرایەتی ئەم جۆرە عەقڵیەتە دەكەن، عێراق و پەیوەندی نێوان پێكهاتەكانیان گەیاندە ئەمرۆ و پێویستە  ڕێیان لیبگرێ و نەهێلێرێت ئاگری فیتنەی تایەفی و مەزهەبی زیاتر خۆش بكەن.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، ئاڵای كوردستان ئاڵایەكی فەرمی هەرێمی كوردستانە و كە هەرێمێكی فەرمی و دەستوریە لە عێراقدا و هەر جۆرە سوكیەتیەك بەو ئاڵایە سوكایەتیە بە ئاڵای عێراق و دەستور و ئیرادەی خەڵكی كوردستان.

هۆشیار عەبدوڵا داواشیكردووە ، هەرگیز پەرچەكرداری هاوڵاتیانی كوردستان نابێ وەك ئەو خەڵكە نابەرپرسیارە بێت و دەبێت تاكی كورد وێنەیەكی جیاواز لە ڕۆشنبیری و رێز نیشانی هەموو دونیا و پێكهاتەكانی دیكەی عێراق بدات.

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان هۆشداریشیدا ئەگەر بە زوویی لەلایەن عاقڵەكانی شیعەوە سنورێك دانەنرێت ئەوا ئایندەیەكی تاریك و خراپ چاوەرێی عێراق و پەیوەندیەكانی نیوان كوردو شیعە دەكات.



PM:09:10:20/11/2015