یەكێتی لەسەر هاتنی سێ فەوجی توركیا بۆ نەینەوا هاتەدەنگ
پاش ئەوەی سێ فەوجی سوپای توركیا لەسنوری پارێزگای نەینەوا جێگیربوون، یەكێتی داوای ڕونکردنەوە لەو لایەنە دەکات کە ڕێگەی بەو ھێزەی تورکیا داوە بێنە سنورەکە.
لەمبارەیەوە ھەڵۆ پێنجوێنی ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی نەینەوای یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە میدیاكانی حیزبەكەی راگەیاند كە ئەوان بەھیچ شێوەیەک ئاگاداری ھاتنی ئەو ھێزەی تورکیا نین بۆ سنوری نەینەوا.
پێنجوێنی ئەوەی نەشاردەوە، وەک سیاسەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ھەر ھێزێک بۆ لێدانی داعش بێتە سنورەکانی ھەرێم، ئەوان دەستخۆشی لێدەکەن و ھیچ قسەیەکیان لەسەری نییە.
لەبارەی سێ فەوجەکەی سوپای تورکیاو جێگیربونیان لەسنوری قەزای شێخانی سەر بەپارێزگای نەینەوا، ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی وتی:"گومانمان ھەیە".
زیاتر وتی:"گومانمان بۆ دروستبوە، چونکە تائێستا ئەو ھێزەی تورکیا بەشداری شەڕی دژی داعشیان نەکردوە تا بێنە موسڵ و دژی داعش شەڕبکەن، ئەوەش بۆتە ھۆی دروستبونی گومان لای ئێمەو پێویستە ھەر ھێزێک دەھێنرێت بەڕێکەوتنی یاسایی بێت".
بەرپرسەکەی یەکێتی لەسنوری نەینەوا ئەوەشی باسکرد، ئەوەی بیستویانە تەنھا ئەوەیە کە ھێزەکە ھاتۆتە سنوری موسڵ و ئێستاش لەناوچەی زەلکان لەسنوری باشیک جێگیرکراون.
وتیشی:"پێشتریش ڕاگەیەنرا کە ئەو ھێزە بۆ مەشق و ڕاھێنان بەھێزەکانی حەشدی نیشتیمانی سوننەکان ھاتون، نەک بۆ بەشداریکردن لەگرتنەوەی موسڵ، بۆیە ئەو بابەتە پێویستی بەڕونکردنەوە ھەیە".
لەمانگی نیسانی ئەمساڵەوە، سێ فەوجی سوپای تورکیا بەمەبەستی بەشداریکردنیان لەپرۆسەی ڕزگارکردنی موسڵ و لەژێر ناوی ھەماھەنگی ھاوپەیمانان، گەیشتونەتە سنوری نەینەوا.
PM:01:16:05/12/2015