پارێزگای سلێمانی دەبێتە خاوەنی پێنج دەروازەی نێودەوڵەتی

یەکێک لە ئەجێنداکانی سەردانەکەی پارێزگاری سلێمانی د .ئاسۆ فەرەیدون بۆ بەغدا ، وەرگرتنی ڕەزامەندی حکومەتی ناوەندبوو بۆ بەفەرمی ناساندنی هەردوو سنوری سەیرانبەن و کێلێ ، لە سنووری نێوان پارێزگای سلێمانی و ئوستانی کوردستاندا لە کۆماری ئیسلامی ئێران.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ  نوێنەرانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و سنە بە بەشداری کونسڵگەری ئێران لە سلێمانی، سنوری سەیران بەن یان وەک سێهەمین دەروازەی نێودەوڵەتی بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕاگەیاند . هاوکات هەمان ڕەزامەندی مەرزی  "کێلێ"شیان ئاشکراکرد کە بە تەواوبوونی  ئامادەکاریەکانی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لە پاسپۆرت و گومرگ و کوالیتی کۆنترۆڵ و ئاسایش، پارێزگای سلێمانی دەبێتە خاوەنی چوار دەروازەی سنوری نێودەوڵەتی، هەروەها دەروازەی پێنجەمیش  لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیەوە، پارێزگاکە دەبەستێتەوە بە وڵاتانی دیکەی جیهانەوە .

د. ئاسۆ فەرەیدون لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە دەروازەی سەیران بەن ڕایگەیاند: ئێمە بەڵێنمان دابوو لەپێناو چالاککردنی زیاتری پەیوەندیە بازرگانی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەکانی نێوانمان ، وە نزیککردنەوە وئاسانکاریدا ،  هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ بە فەرمی و نێودەوڵەتی کردنی ئەم دەروازەیە . بایەخی سەیران بەن بۆ پارێزگای سلێمانی جگە لە بەستنەوە  مێژوویی ونەتەوەیەکەی  نێوانمان کە شاری بانە و بانەییەکان  لەدروست بوونی سلێمانیەوە تائەمڕۆ ، لەهەموو ڕووەکانەوە بەشدار و هاوبەشمان بوون . تەنانەت لە شۆرش و تێکۆشانیشدا سەدانی وەک حەمەڕەشی خانی بانە هاوچەک و هاوسەنگەرمان بوون . 

لەمەودوا  ئێمە  لەم دەروازەیەوە ڕێگامان  بەرەو مەهاباد و شارەکانی تری ئازەربایجانی غەربی بۆ دەکرێتەوە . لەئێستادا سلێمانی لە  پەروێزخانەوە دەگات بە کرمانشاه ، بە باشماخیشدا بەستراوینەتەوە بە  مەریوان و سنەوە . دڵنیاین لەوەی لە ڕێگای سەیران بەنەوە ، نەک هەر وەک دەڵێن هەموو ڕێگاکان دەچنەوە بانە  ، تەنیا دەچینەوە سەر بانە  بەڵکە  پەیوەندیەکانمان بە شارەکانی تری باکووری ئێرانەوە گرێدەداتەوە و داهاتوویەکی باش بۆ هاوڵاتیانی هەردوولا  مسەوگەردەکات.  ئێمە لەکاتێکی باشدا ئەو رەزامەندیەمان لە حکومەتی بەغدا وەرگرت کە ساڵانێکە ڕاگیراوە و دەتوانم بڵێم دەستیان لێ هەڵگرتبوو . لەم کاتەدا کە شاری بانە مەڵبەندێکی بازرگانی ئازادە لە ئێراندا ، هەروەها هەردوو شاری بانە و مەریوان لە ئێراندا وەک دوو ناوچەی تایبەت ( مەنتیقەی ویژە - Special District ) ناسێنراون  پەیوەندی و هاتوچوونی نێوان شارەکانی پارێزگای سلێمانی و ئەو دووشارە بەتەواوی ئازاد و ئاسان دەکات . لەم کاتەدا کە کاریگەری  قەیرانی دارایی جموجوڵی ئابووری بازاڕ و بازرگانی کەمکردۆتەوە ، گەشبینین بەوەی لە ڕێگای ئەم مەرسەوە کە پاشەکەوتی سەدان کیلۆمەتری ترانزێتمان لەدیوی ئێرانەوە بۆدەکات جوڵە و گوڕێکی تر دەداتەوە بە بازاڕ و هەلیکاریش بۆ سەدان هاوڵاتی ناوچەکە دەرەخسێنێت .


PM:02:09:05/12/2015