قەرەبووی گوندی زارگەلی دەكرێتەوە
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، هەردوو گوندی زارگەلی بۆگریسکانی بناری قەندیلی قەرەبوو کردەوە.
دکتۆر دەرباز محەمەد وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، بەبڕی نزیکەی 100 ملیۆن دینار، خێزانە ئاوارە بووەکانی هەردوو گوندەکەیان قەرەبوو کردۆتەوەو ئەو بڕە پارەیان بەسەردا دابەشکراوە.
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئاشکراشیکرد، بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی سوپای تورکیاوە لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا 96 خێزان لەهەردوو گوندەکە ئاوارە بوو بوون.
ئەم قەرەبووکردنەوە دوای ئەوە هات، مانگی ئاب وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، قەرەبووی ماددی قوربانیانی گوندی زارگەلی سەربە ناحیەی وەرتێ دەکاتەوە.
ئەوکات وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێڕاق ڕایگەیاند، لیژنەیەک لە وەزارەت پێکهێنراوە بۆ هەڵسەنگاندن و جێبەجێکردنی بڕیاری قەرەبووی ماددی قوربانیانی گوندی زارگەلی لە بناری قەندیل.
بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان لە 24 تەمموزەوە دەستی پێکرد و لە سەرەتای مانگی ئابیشدا بە هۆی بۆردومانەکەوە لە گوندی زارگەلی بناری قەندیل 9 کەس شەهید بوون و 11 کەسی دیکەش بریندار بوون
PM:02:43:05/12/2015