هەرێم ناهێڵێت بەغدا بنکەیەکی دادگا لە خانەقین بکاتەوە

لەچوارچێوەی ئەو هەوڵانەی حکومەتی بەغدا دەیدات بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، دادگای بەعقوبە بنکەیەکی دادگا لە خانەقین دەکاتەوەو ئیدارەی شارەکەش دایدەخەن.

شێرکۆ میروەیس بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی لە لێدوانێکیدا بۆ سپی رایگەیاند" لە میانەی ئەو هەوڵانەی حکومەتی بەغداو لایەنە شیعەکان دەیدەن بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچە جێناکۆکەکان و دواتر کۆنترۆڵکردنیان، لە رۆژانی رابردوودا دادگای بەعقوبە بنکەیەکی دادگای بەرایی لە خانەقین کردۆتەوە، بەڵام هەر زوو ئیدارەی شارەکە پێیزانیوو بنکەکەی داخست".

ناوبراو دەڵێت" دادگاکانی خانەقین سەر بە وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستانن و رێگا نادەین حکومەتی عێراق هیچ بنکەی دائیرەیەک لەو شارە بکاتەوەو سەربە حکومەتی ناوەندی بێت".

ئەو بەرپرسە جەخت لەسەر ئەوە کردەوە ئەو هەنگاوەی حکومەتی ناوەندی رەنگدانەوەی ئەو سیاسەتەیە کە ئێستا لە خورماتوو دژی کوردان پیادەی دەکات و "ئێمە رێگا بەو کارە نادەین، چونکە ئەگەر ئەو دەرگایە بکەینەوە سبەی پۆلیسیش دەنێرێت و بەرەبەرە باری ئارامی شارەکە تێکدەدەن".

بەهۆی هاتنی هێزی حەشدی شیعەوە بۆ ناوچەی خورماتوو مانگی رابردوو ئەو شارە توندوتیژیەکی زۆری بەخۆ بینی و ئیدارەی خانەقینیش هەوڵدەدەن ئەو بارودۆخە دزە نەکات بۆ خانەقینیش کە شارێکی کوردستانیی گرنگە.   



PM:11:34:18/12/2015