"لەداهاتوودا رێژەیەكی زۆر لەئەندامانی گۆڕان دەست لەكار دەكێشنەوە"

سەرۆكی دەست لەكاركێشاوەی بازنەی ئاكرێی بزوتنەوەی گۆڕان پێیوایە هۆكاری دەست لەكاركێشانەوە كادیرانی گۆڕان لەبادینان، بۆ ئەوەیە كە گۆڕان هیچ گرنگییەك بە بادینان نادات.

جەمیل هەركی، سەرۆكی دەست لەكاركێشاوەی بازنەی ئاكرێ بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاند: "هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی كادیرانی گۆڕان لەو حزبە، بە تایبەتی لە بادینان، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە گۆڕان هیچ گرینگییەكی بە بادینان نەداوە، ئەوە زیاتر لە 6 ساڵە ئێمە بە خۆبەخش لە ئاكرێ و تەواوی بادینان كار دەكەین، ئەوەی گۆڕان دەیگوت و بانگەشەی بۆ دەكرد، وا دەرنەچوو و تەنیا قسە بوو، لە كاتی هەڵبژاردندا زۆر قەسەی گەورەیان دەكرد، كاتێك كە هەڵبژاردن تەواو بوو، گوێیان بە ئێمە نەدا و هەر نەیاندەزانی ئێمە هەین".

وتیشی: "لەو باوەڕەدام لە داهاتوودا رێژەیەكی زۆر لە ئەندامانی ئەو بزووتنەوەیە، بە تایبەتی لە بادینان دەست لە كار دەكێشنەوە، كە ئێستا زیاتر لە 50%ـی ئەندامانی ئەو حزبە دەستیان لە كار كێشاوەتەوە، چونكە زۆربەی زۆریان لێی ناڕازین، بە تایبەتی ئەندامانی سەركردایەتی".

هەركی دەڵێت: ئێستا وەك كەسێكی خۆبەخش لەناو رێزەكانی پارتیی دیموكراتی كوردستاندا كار دەكەم، تا ماویشم هەر لەگەڵ پارتی دەمێنمەوە، ئەوەی جاری رابردوو هەڵەیەك بوو كردم و دووبارە نابێتەوە، ئەوەی پارتی پێم دەسپێرێت، ئامادە بیكەم".

زیاتر دەڵێ: "ئەوەندەمان لەگەڵ گۆڕاندا كار كرد، رۆژێك بە ئێمەیان نەگوت دەستتان خۆش، چونكە هیچ هاوسەنگییەك لەناو گۆڕاندا نییە".



PM:02:34:24/12/2015