قوباد تاڵەبانی سەبارەت بەموچە دڵنیایی دەداتە فەرمانبەران

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، شەوڕۆژ دەخەینەسەر یەک بۆ ئەوەی موچەی فەرمانبەران دابین بکەین.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند "ئـێستا کۆتاییمان بە کۆبوونەوەیەکی ١٠ کاتژمێری ھێنا، بە سەرپەرشتی سەرۆکی حکوومەت و بەشداربوونی بەندە و چەند وەزیر و فەرمانبەری پەیوەندیدار لەسەر دۆسیەی ئابوری هەرێم".

هەروەها وتیشی "ھاونیشتیمانی بەڕێز دڵنیا دەکەینەوە لەم دۆخە سەختەدا ھەموو توانایەکمان دەخەینە گەڕ بۆ بەدیھێنانی ئـابووریەکی سەقامگیر".

ناوبراو ئەوەشی وت "فەرمانبەرانی دڵسۆز و خۆڕاگری کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە بە پەرۆشی شەو و ڕۆژ کار دەکەین تاوەکو لەم دۆخەی کە نرخی نەوت لە بازاڕی جیھان بەردەوام دادەبەزێت، بتوانین مووچەیان بۆ دابین بکەین".



PM:09:39:16/01/2016