بارزانی و لایەنەکان لەسەر شەش خاڵ رێککەوتن

کۆبوونەوەی لایەنەکان و بارزانی کە رۆژی ١/٢٦ سازکرا، لەسەر شەش خاڵ رێککەوتن.

یەكەم: بەشداربووانی كۆبوونەوەكە ستاییشی گیانفیدایی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش كرد كە لە بارودۆخێكی سەختدا قارەمانانە بەرگری لە گەل و نیشتیمان دەكەن و پاڵپشتیی تەواوی خۆیان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان ڕاگەیاند و كۆبوونەوەكە بە پێویستی زانی كە تێكڕای لایەنە سیاسییەكان بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەكان و بارودۆخی هەستیاری ئێستا بكەن و لە ئاست بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆیان و متمانەی جەماوەریدا بن.

دووەم: بەشداربووانی كۆبوونەوەكە پاڵپشتیی خۆیان بۆ پڕۆسەی ڕیفراندۆم ڕاگەیاند و بە پێویست زانرا كە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم كۆدەنگییەكی نیشتیمانی ساز بدرێت ئەویش لە ڕێگەی یەكخستنەوەی ناوماڵی كوردستان و پتەوتركردنی متمانەی نێوان لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی هەرێمی كوردستان. هەر پەیوەست بەم باسەوە لایەنە سیاسییەكان ئەوەیان دووپات كردەوە كە پێویستە ئەو دەرفەتە بە خەڵكی كوردستان بدرێت كە ڕای خۆیان لەبارەی چارەنووسی خۆیان بە جیهانییان ڕابگەیێنن.

سێیەم: كۆبوونەوەكە نیگرانیی خۆی سەبارەت بە دیاردەی كۆچ بۆ هاندەران و قووڵبوونەوەی كێشەكانی خەڵك نیشاندا و دڵنیایی دایە خەڵكی كوردستان، كە بەیەكەوە قەیرانەكان تێدەپەڕێندرێن و لایەنەكان پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ ناڕەزایەتی و داواكاریی خەڵك ڕاگەیاند و بە ئاماژەدان بە كورتهێنانی بودجە داوایان كرد، كە هەموو ڕێگەیەك بگیرێتەبەر بۆ چارەسەركردنی كێشەی بێ مووچەیی و بۆ ئەم مەبەستەیش پاڵپشتیی خۆیشیان بۆ هەوڵ و ڕێوشوێنەكانی حكوومەت بۆ سیاسەتی دەستپێوەگرتن و كەمكردنەوەی خەرجییەكان و چاكسازی و دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ گرفتەكان ڕاگەیاند بە جۆرێك كە ڕێوشوێنەكانی حكوومەت كەمترین گوشار بۆ چینی هەژار و كەمدرەامەت و فەرمانبەران بهێنێت و كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانیش وەك پاشەكەوت بۆ خودی فەرمانبەران لای حكوومەت بمێنێت و بە هیچ شێوەیەكیش مووچە و مافی فەرمانبەران نەفەوتێت، هەروەها ئەم سیاسەت و ڕێوشوێنانە بەشێوەیەكی گشتی خزمەتی بەدیهاتنی دادپەروەری و نەهێشتنی گرفتە داراییەكان بكات.

چوارەم: بەشداربووانی كۆبوونەوەكە لەسەر ئەوە هاوڕابوون، كە پێویستە بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونەكان هەرچی زووترە پارلەمان كارا بكرێتەوە و زەمینەیش بۆ ئاشتەوەایی سیاسی نێوان لایەنەكان خۆش بكرێت و بۆ ئەو مەبەستەیش بڕیار درا كۆمێتەیەكی تایبەت پێكبهێندرێت، كە ئەركەكەی بریتی دەبێت لە زەمینەسازی بۆ كاراكردنەوەی پارلەمان و حكوومەت و چارەسەری پرسی سەرۆكایەتی و سەرخستنی ڕیفراندۆم، هەروەها ئەو كۆمیتەیە لە ماوەی حەفتەیەكدا كارەكانی تەواو دەكات و ئەنجامەكانی دەخاتە بەردەم كۆبوونەوەی داهاتووی پارتە سیاسییەكان لەگەڵ بارزانیدا.

پێنجەم: سەبارەت بە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، كۆبوونەوەكە جەختی كردەوە كە هەرێمی كوردستان نابێتە بەشێك لە ململانێكانی ناوچەكە و تەئكیدی لە سەر پاراستنی مافی دیاریكردنی چارەنووس و مافە دیموكراتییەكانی گەلی كوردستان كردەوە.

شەشەم: كۆبوونەوەكە بە پێویستی زانی كە دیالۆگ و دانوستان لەگەڵ بەغدا بەردەوام بێت لەپێناو گەییشتن بە چارەسەركردنی كێشەكان


AM:12:40:27/01/2016