هێرۆ ئیبراهیم سەردانی مەسعود بارزانی دەکات

ئەندامی دەستڕۆشتووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی هێرۆ ئیبراهیم دوور لەچاوی کامێرا سەردانی بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" ئەمڕۆ هێرۆ ئیبراهیم ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە پیرمام کردووە".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە تا ئێستا هۆکاری سەردانەکەی ئاشکرا نییە، بەڵام ئاماژەکان ئەوە ئاشکرا دەکەن کە بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابوری هەرێم.

پاشنیوەرۆی ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە سەرپەرشتی کۆسرەت رەسوڵ کۆبوونەوەیەکی بەبێ ئامادەبوونی ژمارەیەک لەئەندامانی مەکتەبی سیاسی سازکرد، لەو کۆبوونەوەیەدا جگە لەئەندامانی مەکەتەبی سیاسی ئەو حیزبە لەهەولێر( ئەرسەلان بایز، سەعدی پیرە، رزگار عەلی )، د. بەرهەم ساڵحیش بەو پێیەی لەبەغدادە بەشداری نەکردبوو، هاوکات هێرۆ ئیبراهیمش بەو حوکمی ئەو سەردانەی بۆ لای بارزانی ئامادەی ئەو کۆبوونەوەیە نەبووە.

ماوەی چەند مانگێکە هەوڵێک لە ئارادایە بۆ ئەوەی هێرۆ ئیبراهیم سەردانی بارزانی بکات و سەرەتای ئەو هەوڵانەش لە کەسایەتی ناسروای عێراقی فەخری کەریم زەنگەنەوە دەستیپێکرد، بەڵام ئەو سەردانە رێکنەخرا، وا ئەمڕۆ لەم هەلومەرجەدا سەردانەکە ئەنجام درا.

سپی پەیوەندی کرد بە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکەتەبی سیاسی یەکێتیەوە، ئەو بێ ئاگای خۆی لەو سەردانە راگەیاند.
  
 



PM:10:31:09/02/2016