عەبادی مووچەی هەرێم دەنێرێت

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند " ئەگەر هەرێم نەوتەکەیان رادەستی بەغدا بکەن، ئەوا حکومەتی ناوەندی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات".

لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی فەرمی عێراق، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر نەوتی هەرێم وتی" نەوتی هەرێم ناشەفافەو نازانم داهاتەكەی چی لێدێت؟ بۆچی داهاتی نەوت لە هیچ حساب بانكی نییە".

لە درێژەی قسەکانیدا عەبادی وتیشی" وەزیری دارایی هەرێمی كوردستانیش هیچ زانیارییەكی لە سەر داهاتی نەوتی هەرێم نییە".

سەرۆک وەزیران ئاشکرای کرد " ئاگاداری داهاتی رۆژانە ناردنی نەوتی عێراق و هەرێمی كوردستانین و، رۆژانە ژمارەی نەوتی هەناردەكراوەمان لە بەندەری جیهان پێدەگات، ئێستا هەرێمی كوردستان بە نزیكەی 16% نەوتی هەموو عێراق هەناردە دەكات".

ئەو جارێکی تر سەرسوڕمانی خۆی دووپاتکردەوە کە بۆ حكومەتی هەرێم ناتوانێت مووچەی فەرمانبەران بدات.

سەبارەت بە راپرسیش کە هەرێم بەنیازە ئەنجامی بدات، عەبادی وتی" زنجیرەیەکی زیادەیە، بارگرژی زیاتر دروستدەکات، جیابوونەوە بەرژەوەندی کوردی تیا نییە".

سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتی کردووە ئەو گۆڕانکاری وەزاری لەناو حکومەتەکەیدا بۆ کەسانی تۆکنۆکرات دەکات و ئەگەر پێویست بکات خۆشی دەستلەکار دەکێشێتەوە.

لەسەر باری داراییش ئاماژەی بۆ کۆمەڵێک هەنگاوی چاکسازی کردو، وتی" نامانەوێت عێراق بەسەدەقە بژی".



PM:11:06:15/02/2016