كچێك لەدۆزەخێكی ساردەوە بەرەو خۆر هەڵدێت

ئامادەكردنی: عەتا حەمەساڵح

رازە مەحمود كچێكی خوێندكاری زانكۆیە خاوەن كەسایەتیەكی بەهێز‌و پڕا‌وپڕ لەهیوا، هیوا بۆ ژیانێكی تر، بۆ ئاسودەیی، بۆ ئایندەیەكی گەش، بەڵام كاتێكیش سەیری روخساری دەكەیت دەبینیت كە چاوەكانی پڕن لەوشەی نەوتراو و فرمێسكی ژانێكی رابردوو، بەڵام رازە خان لەبەرئەوەی دەیەوێت هەنگاو بەسەر ئەو گرفتانەدا بنێت، كە خەریكبوو لەڕابردوودا بەرە‌و لێواری دۆزەخێكی تاڵی بەرێت، بۆیە هەمیشە دڵی پڕە لەئامانج‌و هیوایەكی جوان بۆ گەیشتنی خۆی‌و خوشك‌و برا بچوكەكەی بەژیانێك كە دووربێت لەژان.
لەم ئێوارانەدا كە بەرەو كۆتایی وەرزی زستان دەڕۆین وەك رۆژانەمەنوسێك پەیوەندیم بە رازە خانەوە كردو لەیەكێك لەباخچەكانی شاردا لەبەر تیشكی گەرمی خۆرەكە دانیشتین بۆئەوەی بتوانم رازەكانی نێو دڵی راز بنووسمەوە، وەك خۆشی وتی "زۆر دەمێك بوو حەزمدەكرد ئەوەی ژیانی منی كردە دۆزەخێكی سارد لەنێو لاپەڕەی رۆژنامەیەك بینوسمەوە بۆئەوەی زۆرێك لەوانەی كە گەركیانە وەك گورگ لەڕۆژدا جەستەی ژنانی ئەم وڵاتە بخۆن بەخۆیاندا بچننەوە‌و هیچ كچێكیش تووشی ئەم مەینەتیانەی من نەبێت".
ئەو رستەی سەرەوە یەكەم قسەی رازە خان بوو، هەر لەوێشەوە تێگەیشتم كە رازە مەینەتیەكان پێی گەیاندوو ئاستی تێگەیشتن‌و گفتوگۆی‌و زمانی دەربڕینی زۆر شاعیرانە‌و پاراوە، ئیتر لەوێوە چوینە نێو گفتوگۆكەمانەوە‌و كاتێك لێم پرسی لەكوێوە دەستپێبكەین لەژیانی ئێستاتەوە یان سەرەتاكانی مناڵیت. ئەو ئاهێكی قوڵی هەڵكێشا‌و موبایلەكەی بێدەنگ كردو وتی: "هەموو كەسێك حەزدەكات دەفتەرێكی بیرەوەری یان ئەلبومێكی وێنەی مناڵی هەبێت، بۆئەوەی ساتە جوان‌و شیرینەكانی مناڵێ‌ لەیادەوریدا بمێنێـەوە‌و لەگەورەیدا شانازی بەخۆی‌و ساتەكانی مناڵی‌و خێزانەكەی‌و باوەشی دایك‌و دەستی گەرمی باوكییەوە بكات، چوزانم زۆر شتی تر، بەڵام ئەمانە بۆ من تەنها خەیاڵە‌و خەیاڵێكی تاڵا". ئەمەی وت‌و توزێك توڕەبوو، پاشان بەدەنگێكی بەرزتر وتی: "لەو كاتەوەی كە پێم نایە یەكەم قۆناغی خوێندنم بڕوابكە جگە لەشەڕەكانی ئێواران‌و نیوەشەوی دایك‌و باوكم هیچ شتێكم لەیادەوەریدا نییە، بۆ نەگبەتی منیش یەكەم مناڵیان بووم زۆری تاڵیەكان من بینیومە نەوەك ئەو خوشك‌و برا بچوكەم، كە خۆشبەختانە كەمتر لەوان گەیشتن". ئەو وتی: "تێنەگەیشتم كە دایك‌و باوكم بەیەكەوە نەدەگونجان هۆكارەكەی هەرچی بوو لەیەكتر جیا نەبوونەوەو تا هەردووكیان بەرەو دۆزەخێكی تاڵ رۆشتن‌و دواتر زانیم شەڕەكان بۆ تەسلیمبوونی دایكم بوو بۆ كارێك كە نەیدەویست بیكات‌و سەرئەنجامیش كردی.

ماڵێك لەشێوەی مەیخانە

كەمێك بێدەنگی هەردووكمانی داگرت، ئەو سەرنجی چووە سەر كچ‌و كوڕێك كە پێكەوە دانیشتبوون. پاشان بەهێمنی دەستیكردەوە بەقسەكردن‌و وتی: "شەرم دەكەم باسی ماڵەكەمان بكەم، چونكە لەماڵا نەدەچوو هێندەی لەشێوەی مەیخانەدا بوو، باوكم كاری سەرپێی ناو بازاڕەكانی دەكرد، دایكیشم هەرچەندە تا پۆلی شەشی ئامادەیی خوێندبوو بەڵام ژنی ماڵەوە بوو، باوكم كەسێكی مەشروب خۆر‌و قومارچی بوو، ئێواران كە دەگەڕایەوە ماڵەوە كەسێكی توڕە‌و دوورەپەرێز لەپەیوەندی لەگەڵمان، چەند عەلاگەیەكی دەهێنایە ژورەوە بتڵی ئارەق‌و میوە‌و ئەو شتانەی پێبوو، تەنانەت سێوێك چیە بۆ ئێمە نەبوو، دەبوو دایكم هەمووی چاك بكات‌و دوای بانگی شێوان جەماعەت خۆیان دەكرد بەژووردا بۆ خواردنەوە‌و قوماركردن، شوێنێمان نەبوو سەعی تیابكەین، سەیری تەلەڤزیۆنمان نەدەكرد چونكە یەك تەلەڤزیۆنمان هەبوو لەژوری میوان بوو ئەوان داگیریان دەكردو هەندێجاریش تەرخانیان دەكرد بۆ ئەو گۆرانییە عەرەبی‌و فیلمانەی ئەوانی مەست دەكرد، ئیتر كەمترین كات ئێمە باوكمان دەبینی، چونكە ئەم بەزمە تا نیوەی شەو بەردەوام بوو، من‌و خوشك‌و براكەم خەومان لێدەكەوت‌و نەماندەزانی دواتر چی روودەدات‌و بەیانی زوش باوكم دەچووە دەرەوە‌و كە ئێمەش لەخەو هەڵدەستان دایكێكی توڕە‌و شەكەتمان دەبینی‌و لەتێك نانی ساردەوەبوی پاشماوەی ئەوانەی شەومان دەرخوارد دەدرا‌و یەڵا بۆ قوتابخانە".

لەكۆبوونەوەی دایك‌و باوكاندا هەمیشە من سەركزترین خوێندكار بووم

رازەخان بەدەنگێكی پڕ لەتووڕەبونەوە وتی: "بڕوابكە هەتا گەیشتمە پۆلی چواری ئامادەیی بەحەسرەتەوە بووم لەكۆبونەوەیەكی دایك‌و باوكاندا من تەریق نەكرێمەوە‌و پێم نەڵێن بۆچی دایكت یان باوكت نەهات بۆ كۆبوونەوەكە". بەپێكەنینەوە وتی: "تا ئەوكاتە لەوانەیە زۆرترین وەرەقەی قوتابخانەكەمان بۆ ئینزاری دایك‌و باوكی من چاپ كرابێت‌و دەمهێنایەوە كەسێك نەبوو گوێم لێبگرێت‌و بڵێت باشە كچم بەیانی دێم بەدەمتەوە بزانم چۆنیت لەقوتابخانە. هەربۆیە هەمیشە من سەركزترین خوێندكار بووم، بەخوا لەجیاتی باوك‌و دایكم چووم بو كۆبونەوەی خوشكە بچوكەكەم وتومە با وەكو منی لێنەیت".

پەیوەندیمان لەگەڵا هەموو كەسەكانمان نەمابوو

"لەبەر رەفتارەكانی باوكم‌و ئەم دواییەش تێگەیشتم كە دایكیشم تووشی هەڵە بووە پەیوەندیمان لەگەڵا یەك خێزانی خۆمان نەبوو، هەمیشە دووربووین لەهەموویان. جاروبار ئێمە دەچوینە لای نەنكم واتا دایكی دایكم، ئەو زۆری خۆشدەویستین‌و پارەی ئەداینی‌و دەیبردینە دەرەوە، ئەوەیش تەنها خۆمان مناڵەكان دەچووین، دایكم دەیناردینە دەرەوە‌و پێی دەوتین هەتا ئێوارە نەیەنەوە‌و پێش مەغریب دەهات بەدواماندا‌و دەڕۆیشتینەوە ماڵەوە نەنكم لەگەڵا پورێكم كە شووی نەكردبوو ‌و تەمەنی زۆرە بەیەكەوە دەژیان، تەنها لای ئەوان ئاسودە بووین.

ئێوارە بوو دایكمیان بەمەرگێكی نادیار سپارد‌و باوكیشم بۆ هەمیشە ونبوو

رازە لەم كاتەدا گریا، گریانێكی بەكوڵا كە زۆر بەسەختی توانی هێوربێتەوە، چاوی سڕی وتی:  "تۆ ئەزانی بۆچی دەگریم، من بۆ ئەوە ناگریم ئەوان بۆ كوێ چوون، بۆ ئەوە دەگریم تائێستاش خوشك‌و برا بچوكەكەم نازانن چی روویداوە، دەپرسن كوا دایك‌و باوكمان‌و من‌و نەنكم‌و پورم وەڵاممان پێ نییە، نازانم چۆن باسی بكەم، من كە بەیانیان شەكەتی دایكمم دەبینی گومان هەبوو، بەڵام من لەتەمەنی ئەوەدا نەبووم بڵێم چی بووە، شەوێك باوكم‌و هاوڕێ‌ قومارچییەكانی لەناو ماڵەكەمان بوون، باوكم هات بۆلای ئێمە‌و بەدایكمی وت ئەمشەو میوانی تایبەتمان دەبێت ئاگاداربە‌وخوت جوان بكە. دایكیشم بەلالوتێكەوە وتی باش. ئەو شەوە تێگەیشتم كە كارێكی خراپ روودەدات، پێش ئەوەش رۆژێك لەماڵی نەنكم خۆم هاتمەوە بینیم ژنێك‌و پیاوێك‌و دایكم لەژورەوە بەخێرایی هاتنە دەرەوە‌و لەمنیش توڕەبوون بۆ خێرایی هاتیتەوە، ئەوەش جێگەی پرسیار بوو لەلام. بەهەرحاڵا ئەو شەوە كە میوانە تایبەتەكەمان دەهات هەر سەرلەئێوارە دایكم ئێمەی بەزۆر خەواندوو خۆشی لامان مایەوە تا ماوەیەك، بەڵام من نەخەوتم، هەتا پاش ماوەیەك گوێم لەقاقا‌و پێكەنین‌و گۆرانی بوو، ئەمە تا درەنگانێكی خایاند، تومەس ئەو شەوە ماڵەكانی دراوسێمان هەراسان بوون‌و یەكێكیان خاڵمی دەناسی تەلەفۆنی بۆ كردووە‌و كاتێكم زانی لەنیوەی شەودا بوو خاڵم‌و دووكەسی ئامۆزای دایكم بەچەكەوە هاتنە ناو ماڵەكەمانەوە‌و ئیتر ماڵمان بوو بەئاگرباران‌و پیاوەكان توانیان لەسەر بانەوە لەگەڵا باوكم خۆیان رزگار بكەن‌و خاڵیشم دایكمی برد، بەڵام من بینیم دایكم جلی خەوو تەنكی لەبەردا بوو، ئەوە دواهەمین جارم بوو كە بینیم‌و لەتاریكی شەو‌و لەنێو قەرەباڵخی دراوسێكاندا ون بوو. ماڵێكی دراوسێمان ئێمەیان گەیاندە ماڵی نەنكم‌و كە چووین ئەوانیش دەگریان تومەز ئەوانیش بەكارەساتەكەیان زانیبوو".

من ئێستا ژیانم خۆشە‌و شانازی بەبوونی خۆم‌و خوشك‌و براكەمەوە دەكەم

بەداخ‌و حەسرەتێكی زۆرەوە رازە وتی: "هەرچۆنێك بێت ئەوان دایك‌و باوكم بوون، هیچ بەختەوەر نیم كە لەو دایك‌و باوكە بووم، بەڵام تەنها بۆ ئەوە بەداخم ئەوكاتە عەقڵم پێنەشكا ئەو گومانانەم بەنەنكم بڵێم‌و نەهێڵم دایكم بەو دەردە بڕوات، چونكە دڵنیام دایكم بەزۆر چووە ژێر خراپەكاریەكانی باوكم‌و تووشی كێشە هات". بەپێكەنینەوە وتیشی: ئێستا من لەگەڵا نەنكم‌و پورم دەژیم، شكور خوشك‌و براكانم گەورە بوون‌و خەریكی خوێندن، منیش خوێندكاری زانكۆم‌و دەمەوێت جێگەی دایك‌و باوكم بۆ ئەوان پڕ بكەمەوە، هەرواش دەبم‌و زۆریش هیوام بەژیانێكی خۆشە". هەروەها وتیشی: "پاش ئەو كارەساتە ناشزانم ماڵەكەمان چی لێهات، چونەكە نەدەمەوێت بپرسم‌و نەویستیشم بچمەوە بۆ ئەو گەڕەكە، ئەو شەوەش باوكم لەتاریكیدا ون بوو تەنها مامێكم هەیە ئەویش هیچی پێنەوتین، وەك بیستوومە ئەڵێن كوژراوە‌و پاش مانگێكیش هەواڵی مردنی دایكمم بیست‌و خاڵیشم كەوتە زیندانەوە. پاش ئەو كارەساتە چومە سەر گۆڕەكەی دایكم‌و  پێمووت بمبەخشە كە تائەم ساتە نەمتوانیوە بێمە سەر گۆڕكەت‌و خۆڵەكەت لەباوەشبگرم چونكە نەمدەتوانی بەرگەی تانە‌و تەشەری خەڵك‌و ئەوقسانە بگرم كە رووبەڕوم دەبوونەوە، ئەو وتی بەڵام پڕبەدەنگم گریام‌و پێمووت دایكە پەشیمانم كە نازناوی باوكێكم هەڵگرتووە كە هەتا دەمرم لەم كۆمەڵگە خراپەماندا ئەبێت باجی ناو ناوبانەگی ئەو بدەم لای هەموو ئەوانەی كە دەمناسن.



AM:11:43:29/02/2016