ژن و پیاوێک بەبڕێک دۆلاری ساختەوە دەستگیرکران

ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی دوو كەسیان بەپارەی ساختەوە دەستگیرکردوە کە ھەوڵیانداوە ئەو پارە ساختانە بخەنە بازاڕەکانەوە.

لە ڕاگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی هاتووە: لەناوشاری سلێمانیداو دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، دوو کەسیان دەستگیرکردوە کە ھەوڵیانداوە دراوی ساختە بخەنە بازاڕەکانەوە.

ڕاگەیەنراوەکەی ئاسایشی سلێمانی باسی لەوەشکردوە، ئەوکەسانەی دەستگیرکراون بەگوێرەی مادەی (٢٨١) بوە لەیاسای سزادانی عیراقی و ئەوکەسانەش کە دەستگیرکراون ژن و پیاوێکن و بڕی چوار ھەزارو ٩٠٠ دۆلاری ساختەیان لەشاری کەرکوکەوە ھێنابوە سلێمانی بۆ ئەوەی ساغی بکەنەوە.

ئاسایشی سلێمانی ئەوەشی ڕونکردەوە، دوای دەستگیرکردنیان و گەڵاڵەبونی دۆسێکانیان و ڕەوانەکردنیان بۆ دادگا، لەلایەن دادگای تاوانەکانی سلێمانیەوە، لەڕۆژی (١ی ئاداری ٢٠١٦) ھەریەکەیان بەھەشت مانگ زیندانی سزادراون.

ڕاگەیەنراوەکەی ئاسایش ئەوەشی ڕونکردۆتەوە، سەرجەم پارە ساختەکە لەجۆری ١٠٠ دۆلاری بووەو لەشاری کەرکوکەوە ھێنراوەتە سلێمانی.



PM:01:57:03/03/2016