هـێـمن هەورامی بەڕاشکاوی قسەکەی درکاند

ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان رای پارتی بەراكشاوی راگەیاندو وتی" پارتی لەگەڵ ئەوە نییە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بێت و تا کاتێک هەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕان وەک خۆی بێت".

هێمن هەورامی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی رووداودا دەڵێت "پەرلەمان بە گەڕانەوەی یوسف محەممەد کارا ناکرێتەوە.
 ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی راشیدەگەیێنێت "هەرێمی کوردستان بەرگەی هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەخت ناگرێت". 

هێمن هەورامی لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان دەڵێت "ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان پێمانوایە پێش وشەی کاراکردنەوە، دەبێت پێناسەی کاراکردنەوە بکەین، مەبەستمان چییە لە کاراکردنەوەی پەرلەمان. ئایا کاراکردنەوەی پەرلەمان بەس هێناوەی کاک یوسف محەممەد بۆ پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئێمە پێمانوانییە ئەمە کاراکردنەوەی پەرلەمان بێت، چونکە پەرلەمانی کوردستان بە شکاندنی تەوافوقی 23ی حوزەیران، بە موکوڕبوونیان لەسەر کۆبوونەوەی 19ی حوزەیران و لەدەستدانی نیساب، پەرلەمان خۆی خۆی لەکارخستووە، پەرلەمانێک نەتوانێت یاسا دەربکات و هەمواری بکات، ئەی ئەرکی پەرلەمان چییە، دەرکردنی یاسا و هەموارکردنی یاسا و چاودێریکردنی حکومەتە، گریمان کاک یوسف سبەی هاتەوە پەرلەمانی کوردستان، ئایا پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت یاسا دەربکات، ئایا پەرلەمانی کوردستان ئەگەر یاسای دەرکرد ئەم سەرۆک پەرلەمان ئەم یاسایە بۆ کێ دەنێرێت بۆ ئەوەی ئیمزای بکات، ئیعتراف بە بڕیاری ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی کوردستان دەکات لەسەر چەمکی بەردەوامی سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستان، بۆیە ئێمە پێویستیمان رێککەوتنێکی سیاسی هەیە، پێش ئەوەی ئەم بابەتە کارا بکرێتەوە".

ئەو بەرپرسەی پارتی دەڵێت" سوورین لەسەر ئەوەی سەرۆکایەتییەکی نوێ بۆ پەرلەمانی کوردستان دروست بکرێت و پێمانوایە بزووتنەوەی گۆڕان شکستی هێنا لە ئیدارەکردنی پەرلەمانی کوردستان، بۆیە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بە بزووتنەوەی گۆڕان ناتوانرێت دۆخەکە هێور بکاتەوە و چارەسەری بکات".

هێمن هەورامی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە رێککەوتنیان لەگەڵ گۆڕان هەڵوەشاندۆتەوەو پێیان باشە دەبێت سەرەتا ئەوان وەک پارتی لەگەڵ یەکێتی رێکبکەون.



PM:11:09:06/03/2016