هەرچەندە هەفتەیەک بەسەر کۆبوونەوەی ٣/٦ ی نێوان مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە پیرمام تێپەڕیووە، بەڵام تا ئێستا کاریگەری ئەو کۆبوونەوەیە لەناو یەکێتیدا مایەی ناکۆکییە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی کۆسرەت رەسوڵ کە ئێستا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ کەسی یەکەمی ناو یەکێتییە لە کۆمەڵێک بابەتی ئەو کۆبوونەوەیە نیگەرانە.
بەپێی زانیارییەکانی سپی، کۆسرەت رەسوڵ لە شێوەی دانیشتنی کۆبوونەوەکە ناڕزاییە، بەو پێیەی ئەو سەرۆکی وەفدی یەکێتییە بەپێی پرتۆکۆل دەبوایە بارزانی لە مێزی ئەو بەرەوە بەرامبەر ئەم دابنیشتایە، بەڵام بارزانی بەرامبەر هێرۆ ئیبراهیم دانیشتووە. ( وەک ئەوەی ئەو سەرۆکی وەفدی یەکێتی بێت ).
ئەو سەرچاوەیەی سپی کە زانیاری لەسەر کەشی کۆبوونەوەکە هەبوو، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە مسعود بارزانی لە کاتی قسەکردنیدا زیاتر رووی دەکردە هێرۆ ئیبراهیم تا کۆسرەت رەسوڵ، ئەمەش مایەی نیگەرانییەکی ترە بۆ ناوبراو.
سەبارەت بە بەشداری بافڵ تاڵەبانیش لە کۆبوونەوەکەدا، بۆ کۆسرەت رەسوڵ جێگای سەرنجێکی گەورەیە کە ئەو سەرۆکی وەفدەو تا نەچۆتە کۆبوونەوەکە نەیزانیووە بەشداری دەکات.