ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم: لاهور جەنگی بووەتە هەڕەشە بۆ سەر بەشێک لە سەرکردایەتی یەکێتی

نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت: "لاهور جەنگی لە ژێر ئەو چەترە یاساییەی، کە ئەنجوومەنی ئاسایش بۆی دەستەبەرکردبوو، چەندەها چەوتی و پێشێلکاریی ئەنجام داوە".

دەقی راگەیەنراوەكە:

ڕاگەیەندراوێک لە نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە
ماوەی چەند ساڵێکە لاهور جەنگی لە ژێر ئەو چەترە یاساییەی، کە ئەنجوومەنی ئاسایش بۆی دەستەبەرکردبوو، چەندەها چەوتی و پێشێلکاریی ئەنجام داوە و هیچ کاتێ پابەندی یاسا و رێساکانی ئەنجوومەنی ئاسایش نەبووە و سەربەخۆیانە و بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان رەفتاری کردووە.
ناوبراو پێگەی خۆی و تواناکانی دامەزراوەیەکی تەنیا بۆ بەرژەوەندیی شەخسی و بەرگری کردن لە بەشێکی یەکێتی نیشتیمانی بەکار هێناوە و تەنانەت بووەتە هەڕەشەش بۆ سەر بەشێک لە سەرکردایەتی یەکێتی.
وێڕای چەندین جار ئاگادار کردنەوەی ناوبراو کەچی لە پێشێلکارییەکانی بەردەوام بووە. لەم ماوەیەشدا هەوڵی داوە لە دەزگاکانی راگەیاندندا چەوتیەکانی پەردەپۆش بکات و کێشەکانی دەزگایەکی ئەمنیی زۆر بە ناشیانە و هەرزەکارانە خستە ناو کۆڕ و سمینارەکان تا لە هەیبەتی ئەم دەزگایانە کەم بکاتەوە.
لە پەیوەندیی بەو چەوتیانەوە چەندین جارە ناوبراو باس لە بڕینی بودجە لە بەشێکی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات، ئێمە لێرەدا بە ڕای گشتیی ڕادەگەیەنین، کە ناوبراو بودجەی وەرگرتووە، بەداخەوە بە پێی رێساکانی ئەنجوومەن ناتوانین بەلگەکانی وەرگرتنی بودجەی مانگانەی ئەو بەشە بۆ راگەیاندن ئاشکرا بکەین، بەڵام پسولەکانی وەرگرتنی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەخەینە ڕوو، ئەوجا دەبێت بەدواداچوون بکرێت ئەم بودجەیە، کە بە وەرنەگیراو هەژماریان کردووە چیی لێ هاتووە.
ئێمە بە داخەوەین کە ئەم بابەتانە و وەڵام و وەڵامدانەوانە دەکەوێتە ناو ڕاگەیاندن، بەلام بۆ رێگری لە چەواشەکارییەکان ناچار بووین رەوشەکە ڕوون بکەینەوە و لە ئاستی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمیشدا دەست بەو رێکارانە دەکەین، کە کۆتایی بەو کێشانە بهێنرێت.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
٢٩/٣/٢٠١٦



PM:03:07:29/03/2016