قوباد تاڵەبانی تەکلیفی لەبارزانی نەکردووە ناوبژیوانی کۆسرەت رەسوڵ‌و هێرۆ ئیبراهیم بکات

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم داوای لە مەسعود بارزانی نەکردووە نێوەندگیری لەنێوان هێرۆ ئیبراهیم و کۆسرەت رەسوڵدا بکات لەسەر ئەو ناکۆکیەی لەنێوانیاندا هەیە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند ئەو هەواڵەی ماڵپەری " وشە" ی نزیک پارتی بڵاویکردۆتەوە کە گوایە قوباد تاڵەبانی داوای لە مەسعود بارزانی کردووە نێوەند گیری نێوان کۆسرەت رەسوڵ و هێرۆ ئیبراهیم بکات، دوورە لە راستیەوەو هیچ بنەمایەکی نییە.
هاوکات هەر ئەمشەو قوباد تاڵەبانی لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەڵێت" هەر كێشەو ڕا جیاییەك لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا هەبێت یان لەم ماوەیەی دوایی روویدابێت، كەناڵ و رێككاری ناوخۆیی زۆر هەن بۆ تاوتوێكردن و هەوڵی چارەسەركردنیان، ئەمەش پێشهاتێكی نوێ نییە لە مێژووی كاری یەكێتیدا". ( ئاماژەیە بۆ ئەوەی یەکێتی کێشەکانی خۆی چارەسەر دەکات بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ).

هەر لەو نووسینەدا تاڵەبانی دەڵێت" ئەم پرسە حیزبییە ناوخۆییانە جیاواز و دوورن لە تایبەتمەندیی و ئەركی دامەزراوەو پێگە حكومی و هەرێمییەكان، بۆیە پێویست ناكات هیچ میدیایەك دوور بڕوات لە چنینی لێدوانی خەیاڵی و ناڕاست بەناوی سەرچاوەو نووسینگەی ئێمەوە، ئەركی میدیاكانیتریشە وردبن لە گواستنەوەی هەواڵ و نەبنە بەشێك لە پرۆژەی دروستكردنی وتی وتی و واتە وات، چونكە كەناڵی لێدوان و كەناڵی قسەكردنی ئێمە ڕوونە كە ئەم پەیجە فەرمییەو لێدوان و راگەیەنراو و دیدارە رۆژنامەوانییەكانمانە".

قوباد تاڵەبانی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە " جگە لەمانە هەرچی لەسەر ئێمە بوترێت و بكرێتە هەڵوێست، بەهای ئەو مەرەكەبەی نییە كە هەواڵەكەی پێ دەنوسرێتەوە".
لەسەر چاوپێکەوتنێکی کۆسرەت رەسوڵ لەرۆژنامەی " شەرق ئەوسەت"، سەرلەنوێ ناکۆکی نێوان ئەو و باڵی هیرۆ ئیبراهیم توندبووەو هێرۆ ئیبراهیمش بەهەمان شێوە لە میدیا لۆکاڵیەکانەوە وەڵامی دایەوە. 



PM:11:20:29/03/2016