نەوشیروان مستەفاو بەرهەم ساڵح لە لەندەن کۆدەبنەوە

رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە لەندەن لەگەڵ جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان  کۆدەبێتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ لەندەن د. بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ چاوی بە نەشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان کەوتووە، جگە لەپرسینی باری تەندروستی، گفتوگۆ لەسەر قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان و گفتۆگۆ لەسەر بارودۆخی عێراق و گۆڕانکاریە گرنگەکانی ناوچەکە کراوە.

ئەم سەردانە لە کاتێکدا ماوەی شەش مانگە پەرلەمان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پەکخراوەو وەزیرەکانی گۆڕان لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم دەرکراون، هەرچی ئەو هەولآنەی لە ئارادان بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی سیاسی هەرێم بە بن بەست گەیشتووە.

کۆبوونەوەی ئەو دوو بەرپرسەی گۆڕان و یەکێتی لە کاتێکدایە کە پرۆژەیەکی گۆڕان بۆ بووژانەوەی رێککەوتنامەی دەباشان و یەکگرتنی فراکسیۆنەکانی یەکێتی و گۆڕان لەسەر ئاستی هەرێم و بەغدا و پارێزگاکان دراوە بە مەکتەبی سیاسی یەکێتی و، گۆڕان چاوەروانی وەلآمی یەکێتی دەکات.

ئەم سەردانەی بەرهەم ساڵح لەماوەی سێ مانگدا دووەم سەردانە کە بۆ بەریتانیا دەیکات، لە سەردانی یەکەمدا تەنها پەیوەندیەکی تەلەفونی لەنێوان بەرهەم ساڵح و نەوشیروان مستەفادا روویدابوو کە زیاتر قسە لەسەر باری تەندروستی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان کرابوو کە ماوەی شەش مانگە بەهۆی نەخۆشیەوە لە ئەوروپایە.

لەدوای پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان و دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕانەوە، هەڵوێستی بەرهەم ساڵح بە ناراستەوخۆ دژی پەکخستنی پەرلەمان و رێگا نەدان بەسەرۆکەکەی بووەو، لەچەندین چاوپێکەوتن و وتاردا ناوبراو جەختی لەسەر شەرعیەتی پەرلەمان و سەرۆکەکەی کردۆتەوە، هاوکات تا ئێستا هیچ کۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ مەسعود بارزانیدا ئەنجام نەداوە.

بەپێی بۆچوونی چاودێران، پەیوەندی بەرهەم ساڵح و بزووتنەوەی گۆڕان لە ئێستادا تا ئاستێکی بەرچاو پەیوەندییەکی ئەرێنیە.

ئەو سەردانەی بەرهەم ساڵح لە کاتێکدا لەچەند رۆژی داهاتوودا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان نەوشیروان مستەفا، پاش سەفەرێکی شەش مانگی بۆ ئەوروپا دەگەڕێتەوە کوردستان. 



PM:08:14:03/04/2016