سلێمانی شەهیدێکی تری بەخشی
سێهەم شەهیدی خێزانەکەیەتی

‌وینەی باکور کە لەخێزانەکەیدا ناوی برووسکە
خێزانێکی سلێمانی سێهەم شەهیدی لەریزی پارتی کرێکارانی کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەل بەخشی. 

فەرماندەیەکی هێزەکانی یەپەگە کە خەڵکی شاری سلێمانییە و بووەتە سێیەم شەهیدی بنەماڵەکەی لە گەڕەکی شێخ مەقسودی شاری حەڵەب لەکاتی بەرگریکردن لە هێرشی گروپە چەکدارەکان بۆ سەر ئەو گەڕەکە کوردنشینە شەهید بوو.

ئێوارەی ئەمڕۆ ١٠ی نیسانی ٢٠١٦، سروشت جەمال سابیر خوشکی ئەو فەرماندەیەی یەپەگە ڕایگەیاند "بروسک جەمال سابیر لە شاری سلێمانی و لە ساڵی ١٩٨٤ لە دایکبووە و لەناو یەپەگەدا بە هەڤاڵ باکوور ناسرابوو".

خوشکی ئەو فەرماندەیی یەپەگە وتیشی "هەڤاڵ باکوور لە ساڵی ١٩٩٦ چووە ڕێزی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و لە ساڵی ٢٠١٣ەوە یەکێکە لە فەرماندەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە ڕۆژی ٧ی نیسانی ٢٠١٦ لەگەڕەکی شێخ مەقسودی شاری حەڵەب لە ڕۆژئاوای کوردستان شەهید بووە و ئەوەش دەبێتە سێیەم برام کە شەهیدبوون".

بەپێی زانیارییەکانی سروشت جەمال کە بە NRT  راگەیاندووە میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان "تەرمەکەی شەهید باکوور لەگەڵ نۆ شەهیدی دیکەی گەڕەکی شێخ مەقسود لە مەراسیمێکدا لە گۆڕستانی شەهید سەیدۆی ناحیەی جندرێسی سەر بە کانتۆنی عفرین بە خاک سپێردراون".

ئەوەش لە کاتێکدایە گروپە چەکدارەکان لە ڕۆژی ٢٦ی شوباتی ٢٠١٦ەوە هێرشەکانیان بۆ سەر گەڕەکی کوردنشینی شێخ مەقسود دەسپێکردووە لە ڕۆژی ٥ی نیسانی ٢٠١٦ەوە هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو گەڕەکە چڕکردووەتەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی یەپەگە گروپە چەکدارەکانی کەتیبەی سوڵتان موراد، ئەحرار شام، فیرقەی ١٦، کەتیبەی فاتیح، گروپی فەستەقیم کەما ئەمرەت، کەتیبەی ١٣هەم، فیرقەی شەمالییە، کەتیبەی نوردەین زەنکی، بە هاوبەشی هێرشیان لە دژی گەڕەکی شێخ مەقسودی شاری حەڵەب دەستپێکردووە.

بروسک کە فەرماندەی یەپەگەیە، برای هەریەک لە شەهیدان سیامەند و هیوایە، کە ئەوانیش لە تافی لاوێتیدا لە ریزی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ساڵی نەدوەکانی سەدەی رابردوو شەهیدبوون. 

هێرشی ئەو گروپانە بۆ سەر گەڕەکی شێخ مەقسود لە کاتێکدایە لە ڕۆژی ٢٦ی شوباتی ٢٠١٦ەوە ئاگربەست لە نێوان گروپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکان و حکومەتی بەشار ئەسەد ڕاگەیاندراوە و ئەو گروپانە و سوپای ئەسەد هێرشەکانیان بۆ سەر یەکتر بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە، بەڵام هێرشی ئەو گروپە چەکدارانە بۆ سەر گەڕەکی کوردنشینی شێخ مەقسود کە لە کۆنترۆڵی یەپەگەدایە بەردەوامیی هەیە. ئەوەش زیانێکی بەرچاوی بە هاووڵاتیانی نیشتەجێبووی گەڕەکی شێخ مەقسود گەیاندووە.

ڕۆژی ٨ی نیسانی ٢٠١٦ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سوریا ڕایەگەیاندبوو، گروپی چەکداری جەیشی ئیسلام چەکی کیمیایی و قەدەغەکراوی لە دژی هاووڵاتییانی گەڕەکی شێخ مەقسود بەکارهێناوە.

هەروەها دوێنێ ٩ی نیسانی ٢٠١٦ ڕێکخراوی مانگی سووری کورد لە حەڵەب ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشی ئەو گروپە چەکدارانەوە، کە چەکی کیمیایی و قەدەغەکراویان بەکارهێناوە، ١٠٠ هاووڵاتیی کورد لە گەڕەکی شێخ مەقسود شەهیدبوون و ٦٥٠ هاووڵاتیی تریش بریندار بوون.

لەلایەکی ترەوە یەپەگە ڕایگەیاندووە، بەهۆی بەرەنگاریی هێزەکانیانەوە ٨٦ چەکداری گروپە توندڕەوەکان کوژارون و زیاتر لە ٧٠ چەکداری تریش برینداربوون و لە بەرامبەردا ١٠ شەڕڤانی یەپەگە و ئەندامی هێزەکانی ئاسایش شەهید بوون.

گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە دەکەونە باکووری شاری حەڵەب و زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانی ئەو دوو گەڕەکە کوردن. لە ساڵی ٢٠١١ و لە دوای شۆڕشی خەڵکی سوریاوە ئەو دوو گەڕەکە لەلایەن هێزەکانی یەپەگە و یەپەژەوە کۆنترۆڵکراون.

لە دەرووبەری ئەو دوو گەڕەکە ژمارەیەک ناوچە و گوندی کوردنشین بوونیان هەیە و دەگەنەوە بە کانتۆنی عفرین. بەشێک لەو ناوچە کوردنشینانە لە ئێستادا لە دەست گروپە چەکدارەکان و بە تایبەت گروپی چەکداری بەرەی نوسرەدان و چەکدارەکانی بەرەی نوسرە و گروپەکانی دیکە هەوڵ دەدەن ڕێگری بکەن لەوەی کە کورد بتوانێت باکووری شاری حەڵەب و کانتۆنی عفرین بە یەکەوە ببەستێتەوە.





PM:11:38:10/04/2016