"بەدەیان دۆسیەی گەندەڵی دراونەتە دەستەی نەزاهە"

بەدەیان دۆسیەی گەندەڵی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دراونەتە نەزاهەو داواکاری گشتی بۆ بە دادگایی گەیاندی تۆمەتباران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند ئەو دۆسیانەی کە دەدرێنە دەستەی دەستپاکی بەدەیان دۆسیە دەبن و ناوبەناو دۆسیەی تر رادەستی ئەو دەستەیە دەکرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە لە پارێزگاکانی کوردستان نۆ دادگا سەر بە دەستەی نەزاهە هەیە کە دادوەران لێکۆڵینەوەی تیا دەکەن، ئەوانیش لە پارێزگای دهۆک لە( دهۆک و زاخۆ و ئاکرێ ) هەیە، لە پارێزگا لەهەولێر ( هەولێر و سۆران و کۆیە ) هەیە، لە پارێزگای سلێمانیش لە ( سلێمانی و کەلار و دەربەندیخانە ) هەیە.

سەرەتا دەستەی نەزاهە لەرێگای لێكۆڵەری دادوەریەوە پشکنین و وردبینی بۆ دۆسیەکان دەکەن و دواتر دەچێتە بەردەم دادوەرو بڕیاری تیا دەدرێت بۆ جوڵاندنی داوا دژی تۆمەتباران.

سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەو دۆسیەیانەی داوا لەدژیان دەجوڵێنرێت بەدەیان دەبن و تۆمەتبارانیش لە ئاستی جیاجیاکانی حکومەتی هەرێمدان.

سەبارەت بە دەستگریرکردنی تۆمەتباران، بەپێی زانیارییەکانی سپی هەروەک چۆن لە هەولێر سەرۆكی بانكی ناوەندی هەرێمی كوردستان و جێگرەکەی و ژمارەیەك بەڕێوەبەری بانكی حكومی بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیر كران بەهەمان شێوە لە سلێمانی و دهۆکیش هەمان دۆسیە هەیە.

یەکێک لەو کێشانەی کە لەمپەڕ دەبێت لەبەردەم دەستەی نەزاهەو داواکاری گشتیدا، بەپێی زانیاریەکانی سپی، ئەو ژمارە زۆرە لە حەسانەیە کە بەپێی یاسا لەکوردستاندا دراوە بە چەندین فەرمانبەری دەوڵەت لە کەرتە جیا جیاکان کە زەحمەتە راپێچی دادگا بکرێن، بەبێ رەزامەندی " مەرجەع".

یەکێک لەو لەمپەرانەی تر کە رووبەرووی بەدواداچوونی لێکۆڵینەو لە تۆمەتبارانی دۆسیەی گەندەڵی دەبێتەوە، پەلنەکێشانی لێکۆڵینەوەکانە بۆ بەرپرسانی باڵای ناو حکومەت کە پلەی باڵایان لە حکومەت و حیزبەکاندا هەیە، ئەمەش ئەو وێنەیە دەدات کە " یاسا تەنها بەسەر پلە نزمەکاندا جێ بەجێ دەکرێت". 
 



PM:09:41:17/04/2016