بەرەبەیانی سبەینێ نەوشیروان مسەتەفا دەگەرێتەوە کوردستان
بەرەبەیانی سبەینێ ٤/٢٨ کاتژمێر ٦:٣٠ نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان.
بەیانی ٤/٢٨ نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ دەرەوەی ولآت دەهێنێت کە نزیکەی حەوت مانگە لە دەرەوەی ولآتە.
نەوشیروان مستەفا لە ٢٣-٩-٢٠١٥ بە مەبەستی چارەسەرکردنی پشتی سەردانی دەرەوەی ولآتی کرد، سەرەتا سەردانی ولآتی ئەڵمانیای کردو دواتر چووە ولآتی بەریتانیاو لە لەندەن مایەوە.
لەو کاتەوەی ناوبراو لە دەرەوەیە جگە لە هەڵسوڕاوانی گۆڕان، هەریەک لە بەرهەم ساڵح و شێخ جەعفەرو نافڵ تاڵەبانی و جەلال کەریم و عەتا سەراوی بەرپرس و کادیرانی یەکێتی سەردانیان کردووە.
تا ئێستا ئەوەی لە میدیاکاندا بلآوکراوەتەوە هیچ کۆبوونەوەیەکی نێوان نەوشیروان مستەفاو بەرپرسانی پارتی لە لەندەن ساز نەکراوە.
بەدرێژایی ئەو ماوەیەی نەوشیروان مستەفا لە دەرەوەی ولآت بووە، هیچ لێدوانێک راستەوخۆ یان نووسینێکی لەسەر بارودۆخی سیاسی بلآونەکردۆتەوە، تەنها یەک پرسەنامە نەبێت کە بۆ پرسەی کۆچی دوایی کوردۆ قاسم تێکۆشەری ناسراوی یەکێتی و گۆڕان ناردوویەتی.
هەروەها نەوشیروان مستەفا لە هیچ وێنەگرتنێکی ڤیدیۆیدا دەرنەکەوتووە، تەنها ئەو فۆتۆیانە نەبێت کە ئەو کەسانەی سەردانیان کردووە بلآویان کردۆتەوە.
PM:11:27:27/04/2016