وێنە.. "سیاسەتمەدارە بەریتانییەکان بە پارەی نەوتی هەرێم دەوڵەمەند دەبن"

ماڵپەڕی ئەنتەرناشناڵ بزنس تایمز ئاشكرایدەكات هەندێک لە سیاسەتمەدارانی بەریتانی و بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا نەوتییەکان بە هۆی پەیوەندییەکی نزیک کە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیانە، موچە و پاداشتێکی زۆر وەردەگرن، ئەمە لە کاتێکدایە کە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە هۆی قەیرانی داراییەوە لە بارودۆخێکی خراپدان.

لە ڕاپۆرتەکەی ئەنتەرناشناڵ بزنس تایمزدا كە ماڵپەڕی میللەت بڵاویكردوەتەوە هاتووە: لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان گیرۆدەی دەستی بێ‌موچەیین، بەرپرسانی هەرێمەکە و بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا نەوتییەکان لە نازونیعمەتدا دەژین.

بە پێی ڕاپۆرتەکە سیاسەتمەدارە بەریتانییەکان بە هۆی پەیوەندییەکانیانەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستاندا، توانیانە سەدان هەزار دۆلار لە ساڵێکدا قازانج بکەن.

یەکێک لەو سیاسەتمەدارە بەریتانییانە کە ئەنتەرناشناڵ بزنس تایمز ناوی هێناوە، نازم زەهاوییە و بە ئەسڵ خەڵکی کوردستانە و لە نۆ ساڵییەوە لە بەریتانیا دەژی. زەهاوی سەرەڕای ئەوەی نوێنەری پەرلەمانی بەریتانیایە، هاوکات بەرپرسی ستراتیجیی کۆمپانیای نەوتیی گۆڵف کی ستۆنیشە. ئەم کۆمپانیایە یەکێکە لە کۆمپانیا نەوتییە چالاکەکانی ناو هەرێمی کوردستان.
زەهاوی جگە لە وەرگرتنی مووچەی نوێنەرایەتیی پەرلەمان، لە ساڵێکدا بەرامبەر ٧ سەعات کار لە مانگێکدا ٥٠٠٠٠٠ دۆلار وەردەگرێت. ئەو تا ئێستا دوو جار پاداشت کراوە و لە کۆی گشتیدا پاداشتەکەی گەیشتووەتە ٢٩٥٠٠ دۆلار. ئەنتەرناشناڵ بزنس تایمز ئەم زانیارییانە بە بەڵگەوە دەسەلمێنێت.

شایەنی باسە ئەو بڵاوکراوەیە ئاماژە بەوە دەکات کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک لەو پەیوەندییەی نێوان زەهاوی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا سوودمەند نابن.

ئەنتەرناشناڵ بزنس تایمز باس لەوە دەکات کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەریمی کوردستان سەرمایەگوزاری تایبەت بانگهێشت دەکات. ئاشتی هەورامییش لەم ڕووەوە پێشینەیەکی بەرچاوی هەیە. لە مامەڵەکانی نێوان سەرمایەداران و حکومەتی هەریمی کوردستاندا زۆربەی شتەکان بە شاراوەیی و لە پشت پەردەوە ئەنجام دەدرێن و هەرگیز بەڵگەنامە فەرمییەکان بڵاو ناکرێنەوە.
زەهاوی لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا چەندین جار سەفەری بۆ هەریمی کوردستان کردووە و لە پانێلەکاندا لەگەڵ ئاشتی هەورامیدا بەشدار بووە.

هاوکات ئەنتەرناشناڵ بزنس تایمز دەڵێت: حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنانەت سەدان هەزار دۆلاریشی بۆ تێچووی گەشتەکانی زەهاوی و مانەوەی لە هەرێمی کوردستاندا تەرخان کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی ئەنتەرناشناڵ بزنس تایمز، پاش ڕووخانی حکومەتەکەی سەدام حوسین، حکومەتی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی کۆمپانیا نەوتییەکانی کرد تا نەوتی هەرێمی کوردستان دەربهێنن و بەڵێنیشیان بە خەڵکی دا کە ژیانێکی خۆشگوزەرانیان بۆ دابین بکەن، بەڵام بە تێپەڕینی ١٠ ساڵ ژیانی خەڵکی خراپتریش بووە.




PM:05:06:01/05/2016