نەوشیروان مستەفا سەردانی تاڵەبانی كرد

ئەمڕۆ نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەگردی دەباشانی شاری سلێمانی سەردانی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كردستان كرد.

بەپێی هەواڵی میدیاكانی یەكێتی  پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 2016/5/3 نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بەمەبەستی هەواڵپرسین و لەنزیكەوە بینینی سەردانی تاڵەبانی كرد لەشاری سلێمانی.

لە دیدارەكەدا كە دلێر سەیدمەجیدو بەهرۆز گەڵاڵی و دكتۆر محەمەد سابیرو لاهور شێخ جەنگی ئامادەی بون ، نەوشیروان مستەفا خۆشحاڵی دەربڕیی بەدیدارەكە، بەتایبەتی كە تەندروستی تاڵەبانی زۆر باشە، ئاماژەشیكرد بەڕۆڵی مام جەلال لە هەموو وێستگەكاندا بەتایبەتی لەهەلومەرجی ئێستای كوردستان و عیراقدا و وتی: "مام جەلال بەڕاستی جێگەت دیارە لەكوردستان و عیراق و پڕناكرێتەوە، لەكوردستان  پێویستی زۆرمان پێتە".

لەدیدارەكەدا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان وتوویەتی "ئێستا لەوەتەی لە بەغداد نیت، ناكۆكییەكان قوڵبونەتەوە، جاران جەنابتان هەمویانت كۆدەكردەوە".

لەبەرامبەردا تاڵەبانیش وێڕای خۆشحاڵی نیشاندانی بۆ گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا‌و "سوپاسگوزاری نیشاندا بۆ سەردان و دەربڕینی هەستی برایانەی".





PM:02:15:03/05/2016