پرۆژەکەی گۆڕان بۆ رێککەوتنی خۆیان و یەکێتی تەواو نەبووە

لەو کاتەوەی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان میدیاکان باسی رێککەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان دەکەن، بەڵام تا ئێستا ئەو پرۆژەیە گۆڕان سەرقاڵە بە ئامادەکردنی تەواو نەبووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" پرۆژەی رێککەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی کە لەلایەن گۆڕانەوە بۆ ئەو پرسە پرۆژەیەک ئامادەکراوە، تا ئێستا تەواو نەبووەو لەم هەفتەیەدا تەواو دەبێت".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەی بۆ سپی ئاشكرا کرد کە پرۆژەکە پرەنسیپەکانی رێککەوتنی دەباشانی نێوان تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفای کردۆتە بنەما بۆ ئەو رێککەوتنە، هەروەها ئەو پرۆژە بڕیارەی پەرلەمانی کوردستان کە فراکسیۆنەکانی گۆڕان و یەکێتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ و بزووتنەوەش پێشکەشی پەرلەمانیان کرد، کراوە بە پرەنسیپێکی تر بۆ ئەو پرۆژەیەی کە گۆڕان ئامادەی دەکات، خاڵی جەوهەری ئەو پرۆژەیەش گۆڕینی سیستەمی سەرۆکایەتی بە پەرلەمانی و پرسی چاکسازی و پەیڕەکردنی شەفافیەتە".

سپی زانیویەتی گۆڕان " قەلەقە" لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەو بەشوێن میکانیزمێکدا دەگەڕێت کە هەردوولا پابەندبن پێوەی تا بەتەواوی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانە گۆڕان بیرۆکەی ئەوەی هەیە کە لایەنێکی دەرەوەی یەکێتی و گۆڕان دەستنیشان بکرێت وەک چاودێر بەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەوە.   



AM:12:21:07/05/2016