بارزانی چاوەڕوانی یەکێتی دەکات

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی چاوەڕوانی یەکێتی دەکات کە رۆڵی هەبێت لە سەقامگیری و بووژانەوەی کوردستان.
بارزانی لە پەیامێک بەبۆنەی یادی دامەزراندنی یەکێتییەوە باس لە رۆڵی تاڵەبانی دەکات و دەڵێت" ڕۆڵی جەنابی مام جەلال لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ پاراستنی یەکڕیزی و بەرەوپێشبردنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان لەیاد ناچێت و ئێستایش گەلی كوردستان ئەو چاوەڕوانییەی لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەیە درێژە بەو ڕەوتە نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەرییە بدات و هەموومان پێکەوە گەلەکەمان بەرەو ئاییندەیەکی پڕشنگدار ببەین".

دەقی پەیامی بارزانی

بەڕێزان ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان

بە بۆنەی چل و یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و كادیر و ئەندام و لایەنگرانی یەكێتی كوردستان دەكەم.

ئێستا، سەرباری بوونی تەحەدیاتی گەورە، گەلەكەمان لە شەڕێکی چارەنووسسازدایە لەگەڵ دوژمنێکی دڕندەدا و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان زۆربەی خاکی پیرۆزی وڵاتیان لە تیرۆریستان پاک کردۆتەوە، لە سایەی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە و خوێنی پاکی شەهیدان و بەها بەرزەکانی گەلەکەمان، پێگە و کاریگەریی کوردستان گەیشتۆتە ئاستێکی باڵا و هەموو جیهان ڕێز و پێزانینی بۆ گەلەکەمان هەیە. ئەم پێگەیە، لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی لەناوچەکە ڕوو دەدەن، وامان لێ دەکات دەست لەناو دەست کار بۆ دابینکردنی ئاییندەیەکی گەش و ژیانێکی ئارام بۆ گەلەکەمان بکەین و ڕێگا نەدەین چیتر گەلەکەمان بە ئاگری ناکۆکییەکانی ناوچەکە بسووتێت، بۆ ئەوەش پێویستە هەموومان بگەڕێینەوە بۆ ئیرادە و ئاواتی گەلەکەمان کە پیادەکردنی مافی ڕەوای بڕیاردانی چارەنووسە.

بێگومان لەگەڵ ئەم دەرفەتەدا، تەحەدیاتی گەورەش هاتوونەتە ئاراوە، ئەم دۆخە پێویستی بە هاوکاری و گیانی برایەتی و پابەندبوون بە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمانە و پێویستە لەم قۆناخە هەستیارەدا گیانی نیشتیمانپەروەری و ڕۆحی پێشمەرگایەتی لەناو ڕیزەکان پتەوتر بکەین. هاوکات، سیاسەتی پیلانگێڕان دژی گەلەکەمان و مافە ڕەواکانی لە ئازادی و سەربەخۆیی لە لایەن نەیارانی گەلەکەمانەوە بەردەوامی هەیە و هەڵمەتی بێ ئومێدکردنی گەلەکەمان لە دواڕۆژێکی گەش و سەربەخۆ و، شکاندنی متمانە و ئیرادە و بڕوابەخۆبوونی گەلەکەمان، بەشێوازی جیاجیا پەیڕەو دەکرێت، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پیلانگێڕییەش ئەرکی هاوبەشی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و کۆمەڵگەی مەدەنی و سەرجەم ڕۆڵە دڵسۆزەکانی گەلەکەمانە.

یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە خەباتی خۆیدا قوربانیی زۆری لەڕێگەی ڕزگاریی گەلی كوردستان داوە و لە گشت قۆناغەكاندا ڕۆڵێكی بەرچاو و نیشتیمانپەروەرانەی گێڕاوە. بەتایبەتی دوای ڕاپەڕینی مەزنی گەلەکەمان، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ڕۆڵێکی کاریگەر و بونیادنەرانەی هەبووە لە دروستکردنی سەقامگیری و بووژانەوەی کوردستان و ئێستاش خەڵکی کوردستان هەر ئەو چاوەڕانییەی لە یەکێتی هەیە کە لەو ڕۆڵە گرینگەی بەردەوام بێت. ڕۆڵی جەنابی مام جەلال لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ پاراستنی یەکڕیزی و بەرەوپێشبردنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان لەیاد ناچێت و ئێستایش گەلی كوردستان ئەو چاوەڕوانییەی لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەیە درێژە بەو ڕەوتە نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەرییە بدات و هەموومان پێکەوە گەلەکەمان بەرەو ئاییندەیەکی پڕشنگدار ببەین.

بە پێویستی دەزانم لەو بۆنەیەدا هیوای چاكبوونەوە بۆ برای بەڕێزم مام جەلال سكرتێری گشتیی یەكێتی بخوازم و هیوای سەركەوتن بۆ هەموو ئەندام و هەوادارانی یەكێتییەكەتان دەخوازم.



PM:09:18:31/05/2016