مەلا بەختیار: ئەوانەی ئێستا خەریكی كاسە لێستنن كە برایم عەزۆ شەهید كرا لەكوێ بون؟ لە(31) ئابدا لەكوێ‌ بون؟

لەیادی دامەزراندنی یەکێتیدا مەلا بەختیار کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی پیرۆزباییەکە بە رەخنە بۆ سەر "کاسەلێسەکان" و خاوەن " کۆمپانیاکان " دەستپێدەکات.

مەلا بەختیار کە نا رزاییە لە سیاسەتی حیزبەکەی لەگەڵ گۆڕان، لە پەیامێکدا دەڵێت" ئەوانەی ئێستا لەسەر شەقامی بەرژەوەندی.. خەریكی كاسە لێستنن، كە برایم عەزۆ شەهید كرا لەكوێ بون؟ كە حەسەن خۆشناو شەهید كرا لەكوێ بون؟ كە كارەساتی هەكاری قەوما لەكوێ بوون؟ لە(31) ئابدا لەكوێ‌ بون..؟".

بەپرسی دەستەی کارگێری لە بڕگەیەکی تردا دەڵێت" با هەموو ماڵە شەهیدێك‌و پێشمەرگەیەك، لەخۆڵەمێشكردوانی چاوی رای گشتی بپرسن.. ئەرێ لەسەر یەكێتی بۆ تۆڵەسەندنەوەی شەهیدانی یەكێتی.. دوژمنتان زۆرە.. یان كۆمپانیا؟ لێیان بپرسن.. بەرامبەر دوژمنە ئایدلۆژییەكان‌و پرانسیپەكانی یەكێتی.. چەندتان، بەرهەمی هزرو فەلسەفە هەیە..؟ لەسەر ستراتیژی یەكێتی.. چەندجار رووبەڕووی مەرگی راستەقینە بوونەتەوە..؟".

دەقی پەیامەکەی مەلا بەختیار

لەم یادە پیرۆزەدا.. كێل بەكێلی شەهیدان ماچدەكەم، لەدەرگای هەموو ماڵە شەهیدێك دەدەم. خۆم دەكەم بەهەموو سەنگەرەكانی پێشمەرگەدا.. دارشەقی هەموو بریندارێك دەگرم.. پێیاندەڵێم، یادی یەكێتیی نیشتمانەكەی كوردستانتان.. لێ پیرۆزبێ.
پیرۆزبێ ئەو رۆژەی، مام جەلال نەیهێشت ئاسۆو ئایندە.. داگیر بكرێ. لەم رۆژەدا ئاراستەی مێژووی گۆڕی، هەروەها، سەركردایەتی كۆمەڵەو پاشان سەركردایەتی ناو شۆڕشی نوێ مانگی (7)ی ساڵی (1976)، بە بەرپاكردنی شۆڕشی نوێ، رەشبینیان بەشۆڕشگێڕێتی گۆڕیی‌و رێگەیان خۆشكرد (1977) مام‌و تەنها یەك دەستەی دامەزراندنی یەكێتی بگەڕێنەوە، كوردستان. شایەنی یادەكەشە، بڵێم:
ئەوانەی ئێستا لەسەر شەقامی بەرژەوەندی.. خەریكی كاسە لێستنن، كە برایم عەزۆ شەهید كرا لەكوێ بون؟ كە حەسەن خۆشناو شەهید كرا لەكوێ بون؟ كە كارەساتی هەكاری قەوما لەكوێ بوون؟ لە(31) ئابدا لەكوێ‌ بون..؟
با هەموو ماڵە شەهیدێك‌و پێشمەرگەیەك، لەخۆڵەمێشكردوانی چاوی رای گشتی بپرسن.. ئەرێ لەسەر یەكێتی بۆ تۆڵەسەندنەوەی شەهیدانی یەكێتی.. دوژمنتان زۆرە.. یان كۆمپانیا؟ لێیان بپرسن.. بەرامبەر دوژمنە ئایدلۆژییەكان‌و پرانسیپەكانی یەكێتی.. چەندتان، بەرهەمی هزرو فەلسەفە هەیە..؟ لەسەر ستراتیژی یەكێتی.. چەندجار رووبەڕووی مەرگی راستەقینە بوونەتەوە..؟ من هەمیشە لەگەڵ چارەسەری کێشە ناوخۆیەکانم، لەپێشەوەدا کێشەی یەکێتی و گۆڕان، لە یەکتێگەیشتنی دەباشانەوە هەتا ئەم ڕێککەوتنە. بەڵام ٤٠ ساڵ پێشمەرگایەتی و ٤٦ ساڵ سیاسەت و کێشمەکێشەکانیش بە قوڵی فێریان کردم کە هەڵوێستێك لەبەر ڕۆشنایی دەرس‌و پەندەكانی مێژوو .. بڕیاری لەسەر نەدرێ، كێشەكان نەك چارەسەر ناكات، بەڵكو دەشی ئاڵۆزێنێ. بێگومان زۆر ناخایەنێ.. دەزانرێت، بەرژەوەندی راستەقینەی گەلەكەمان‌و یەكێتی.. لەكام بۆچووندا، رەنگ دەداتەوە.. دیارە ئەو كاتە كاتی.. وردبوونەوە دەبێ لەدرۆ هەڵبەستراوەكانی ئێستا.
بەم بۆنە پیرۆزەوە سڵاوم ... لەهەموو دڵسۆزێكی یەكێتی‌و هەموو خاوەن بیری راستەقینەی دیموكراسی‌و رۆشنگەرییە.
لەم یادەدا.. سڵاو لەمام جەلال.. كە رۆژێك دێ بۆچوونی راستەقینەی جەنابیان.. لەرێككەوتننامەی دەباشانەوە، هەتا هەڵوێستەكان لەناو كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەخرێتەڕوو، كە چەندو چۆن لەسەر سازانی سیاسی‌و هاوسەنگی لەعیراق‌و كوردستاندا.. بەتایبەتی لەگەڵ پارتیدا، پێی دادەگرت.. گەرچی لەم دواییەش.. پشتیوانی وەفدی یەكێتی زۆر دەكرد بۆ وەرگرتنەوەی مافە خوراوەكانی یەكێتی لەلایەن پارتییەوە.. بەڵام لەچوارچێوەی پاراستنی هاوسەنگیدا.. ئێستاش سورین لەسەر وەرگرتنەوەی ئەو مافە خوراوانەو بەدیهێنانی عەدالەتی كۆمەڵایەتی.. بەبێ وەرگرتنەوەی مافەكانیش، هەرگیز هاوسەنگی سیاسی ناگەڕێتەوە بۆ كوردستان. مخابن، پارتی لەمبارەوە هەتا ئێستاش بێ باكە، هەنگاوی پراكتیكی بۆ مافە خوراوەكان نانێ.. چونکە دەرکەوتووە کە پەیوەندی سیاسی لە وڵاتانی ئێمە لەسەر حكومڕانەتی پەتی، سەرناگرێ .. دەبێ هاوسەنگی سیاسی‌و دادپەروەری كۆمەڵایەتیش ببێتە بەشێكی بنەمای دەسەڵات. دەسەڵاتیش کاتێك شەرعیەت پەیدا دەکات، زۆربەی خەڵک و هێزە سیاسیەکان و مەدەنییەکان، گرێبەستی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەگەڵ ببەستن. 
لە كۆتاییشدا، دەڵێم: با هەموو كەسێكیش باش بزانێ، سەروەری خەباتی شۆڕشگێڕانەم، ناگۆڕمەوە بەدەستکەوتی هیچ کۆمپانیاو باڵەخانەیەک و بەرژەوەندییە نهێنییەکان..
لەگەڵ رێزدا ...



PM:09:41:31/05/2016