ئایا نەوتی هەرێم بە ١٠$ دۆلار کەمتر لەنرخی جیهانی دەفرۆشرێت؟

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند " لەئێستادا راستە نرخی بەرمیلێك نەوت گەیشتوەتە 50 دۆلار، بەڵام نەوتی هەرێم و عێراق نزیكەی 8 بۆ 10 دۆلار كەمتر لەو نرخە دەفرۆشرێت"،  بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، ئەو لێدوانەی وتەبێژی حکومەتی هەرێم بۆ فرۆشتنی نەوتی بەغدا لە جێگای خۆیدا نییە، بەڵام هەر بەرمیلێکی نەوتی هەرێم بە ١٠$ دۆلار کەمتر دەفرۆشرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لەسەرچاوەیەکی تایبەتەوە دەست سپی کەوتووە، نەوتی عێراق بە ١٠$ دۆلار کەمتر لەنرخی جیهانی نافرۆشرێت، بەڵکو بەبڕێکی زۆر کەمترە یەک تا دوو دۆلار لەنرخی جیهانی کەمتر دەفرۆشرێت نەک وەک ئەوەی وتەبێژ ئاماژەی بۆ کردووە، بە پێچەوانەوە ئەوە نەوتی هەرێمە  کە بە ١٠$ دۆلار کەمتر لەنرخی جیهانی نەوت دەفرۆشرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستی سپی کەوتووە هەر بەرمیل نەوتێک کە لەکێڵگەکە دەکرێتە نێو بۆریەکەوە تا گەیشتنی بە بە بەندەری جیهانی تورکی، چەند بڕە پارەیەکی لێدەردەچێێت، لەوانە بۆ هەر بەرمیلێک نەوت ٥ دۆلار دەڵێن بۆ "سۆمۆ" دەڕوات کە پەیوەندی بە کوالێتی نەوتەکەوە هەیە.

هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم ٢ $ دۆلاری لێدەردەچێت بۆ کۆمپانیاکانی پشکنین.( ئیشی ئەم کۆمپانیایە لەوەدا کۆدەبێتەوە کە نەوتی هەرێم بە هەموو بیرەکانیەوە بەیەک بۆریدا تێپەڕدەبێت، لەکاتێکدا هەر بیرەو خەسڵەت و  جۆری نەوتەکەی جیاوازی هەیە).  

سپی زانیویەتی هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم ١ $ دۆلاری تریشی لێدەردەچێت بۆ ئەو کۆمپانیایەی لەناو تورکیادا زامنی گەیشتنی نەوتەکە بە بەندەری جیهان دەستەبەر دەکات.

یەک دۆلاری تریش لە فرۆشتنی نەوت دادەنرێت بۆ " تامین".

سپی زانیویەتی بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێمیش یەک دۆلار دەدرێت بە کۆمپانیای " کار"، هەرچەندە ئێستا نیو دۆلار دەدرێت لەبەر قەیرانی دارایی، ئەم پارەیە لەبری دروستکردنی بۆری نەوتی کوردستان دەدرێت بە کۆمپانیای کار.
بەم پێیەش هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم کە دەفرۆشرێت ٩:٥٠ $ دۆلار نۆ دۆلارو پەنجا سەنت، یان ١٠ $ دۆلار کەمتر لە نرخی جیهانی نەوت، داهات دەهێنێت بۆ کوردستان.










٠.





ئه‌م بابه‌ته 5363 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:02:28:10/06/2016