"رەوشی زیندانی عەبدوڵا ئۆجەلان سووک دەکرێت"

دەسەڵاتدارانی توركیا بە مەبەستی گفتوگۆكردن، زمینەسازی بۆ گواستنەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان لە بەندیخانەوە بۆ شوێنێكی دیكە لە ئیمرالی دەكەن.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی "حەیات"ی لەندەنی، لە چەند مانگی داهاتوودا عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی بەندكراوی پەكەكە لە زیندان دەردەهێنرێت‌و لەشوێنێكی دیكە لە هەمان دوورگەی ئیمرالی بەشێوەی (ئیقامە جەبری) بخرێتە ژێرچاودێری، بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵیدا. ئەمەش وەكوو ئاماژەیەكە بۆ هێوركردنەوەی ئەو شەڕەی كە ئێستا لە باكوری كوردستان لەنێوان پەكەكە‌و سوپای توركیادا هەیە.

سەرۆك وەزیرانی توركیا بینالی یڵدێرم، پێش چەند رۆژێك لەوەپێش رایگەیاند بە بێ راوەستانی ئەو هێرشە خوێناویانەی دەكرێتەسەر توركیا هیچ گفتوگۆیەك لەگەڵ پەكەكە ساز ناكرێت. بەڵام هەندێ سەرچاوە بە "حەیات"یان راگەیاندوە كە دورگەی ئیمرالی بەرفراوان دەكەن‌و خانوی تازەی تێدا دەكەن بە ئامانجی گواستنەوەی ئۆجەلان‌و دەستكردن بە گفتوگۆ لەگەڵیدا.

پێشتریش جەمیل بایك رایگەیاندبوو كە یەكێك لە مەرجەكانیان بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی ئاشتی، چاككردنی رەوشی زیندانی عەبدوڵا ئۆجەلانە.

عەبدوڵا ئۆجەلان لەساڵی 1998، لەژێر فشاری حكومەتی سوریادا ئەو وڵاتەی جێهێشت‌و دواتر لە شوباتی 1999 لە وڵاتی كینیا لەلایەن دەزگای سیخوری توركیاوە رفێنرا‌و. دادگای توركیا ساڵی 2002 حوكمی لەسێدارەدانی بۆ ئۆجەلان دەركرد، بەڵام دواتر حوكمە گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی.

لەساڵی 2015 ئۆجەلان داوای لە پەكەكە كرد پاش 30 ساڵ لەشەڕ ئاگربەست رابگەیەنن، ئێستاش بەپێی هەواڵی رۆژنامەكە توركیا دەیەوێت دەرگایەكی تازە بۆ گفتوگۆ بكاتەوە.



PM:12:15:12/06/2016