سپی وردەکاری کۆبوونەوەی نەوشیروان مستەفاو میدیاکارانی یەکێتی بڵاودەکاتەوە

نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆران بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لەگەڵ میدیاکارانی یەکێتی کۆبوووەوە، سپی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە بڵاودەکاتەوە.

سەرچاوەیەکی بەشداربووی کۆبوونەوەکە بە سپی راگەیاند" کۆبوونەوەیەکی زۆر راشکاوانە بووەو نەوشیروان مستەفا داوای لە میدیاکارانی یەکێتی و گۆڕان کردووە کە پشتگیری رێککەوتنەکە بکەن و ناوەرۆکەکەی بۆ هاوڵاتیان و رای گشتی روونبکەنەوە".
لەو کۆبوونەوەیە رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشکرای کردووە کە سەرکردایەتی هاوبەشی نێوان گۆڕان و یەکێتی بڕیاری دروستکردنی لیژنەیەکی هاوبەشی راگەیاندنی نێوان گۆڕان و یەکێتیان داوە بەمەبەستی هەماهەنگی کردن و روونکردنەوەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە.

سەبارەت بەو شەڕی راگەیاندنەی لەچەند رۆژی رابردوودا لەنێوان گۆڕان و پارتیدا روویدا، نەوشیروان مستەفا "ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە گۆڕان لەگەڵ " مهاتەرات" نییەو ئەوە کەلتووری شەری ناوخۆیە، بەڵام پارتی هەشت مانگە ئەوەی پێیان کرابێت لەشەڕی شەخسی بەمن و بە گۆڕان درێغیان نەکردووە کارگەیشتە ئەوەی لەرێگای دادگاوە بەم شێوەیە تۆمەتبارکرێین و ئیسفزازمان بکەن".

نەوشیروان مستەفا لەو کۆبوونەوەیەدا ئاشکرای کردووە کە هەموو نوێنەری ئەو وڵاتانەی سەردانیان کردوون لە بەریتانیا و ئەمەریکا و رۆما و کوەیت و .. هتد پشتگیریان بۆ رێککەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی دەربڕیووە.

سەبارەت بەهەرێمکردنی کەرکوک، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە بەهەموو شێوەیەک ئەو پێشنیارە رەتدەکەنەوە.

ئەو کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆی نێوان نەوشیروان مستەفا و میدیاکارانی یەکێتی دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی نێوان سەرکردایەتی یەکێتی و جڤاتی گۆڕان و رێککەوتنی ٥/١٧ نێوان ئەو دوولایەنە دێت.



PM:05:28:20/06/2016