لەسەر 11 ملیار دۆلارەكە سامانە سروشتیەكان وەڵامی دانا گاز دەداتەوە

 بەرپرسانی كۆمپانیای كرێسێنت پێترۆلیۆم و دانا گاز داوای 11 ملیار دۆلار قەرەبوو لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وەڵام دەداتەوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕوونكردنەوەیەكدا رایگەیاند ،ئاژانسەكە زانیاری هەڵە و ناتەواوی لە لێدوانەكانی مەجید جەعفەر بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای كرێسێنت پێترۆڵیۆم دەرهێناوەو بڵاویكردوەتەوە.
هەروەها دەشڵێت " دۆسیەی نێوبژیوانی نێوان كۆمپانیای دانا گاز و كۆمپانیای كرێسێنت پێترۆلیۆم بەردەوامە و بەپێی یاساكانی دادوەری دەبێت تاكو ئەوكاتەی دۆسییەكە یەكلایی دەبێتەوە، نهێنییەكانی بپارێزرێت".

دەقی خاڵەكانی روونكردنەوەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان:

1. ئاژانسی بلۆمبێرگ ئەوەی لەبەرچاو نەگرتووە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان داواكاری هەیە لە دژی دوو كۆماپانیای دانا گاز و كرێسێنت پێترۆلیۆم، كە بڕیارە لە قۆناغی داهاتووی پرۆسەی دادوەری بڕیاری لەسەر بدرێت. داواكارییەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دژە داوایەكی یاساییە لەسەر ئەو زیانانەی كە پێیگەیشتوە، بەهۆی ئەوەی دوو كۆمپانیای ناوبراو دواكەوتوون لە بەجێهێنانی ئەركەكانیان بەپێی گرێبەستەكەیان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە بووەتە هۆكاری دواكەوتنی پەرەپێدانی ئەو كێڵگە گازییانە.

2. هەرچۆن لە راگەیەندراوێكی پێشوتری حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە لە رێككەوتنی 22/11/2015 بڵاوبووەتەوە، هاتووە دانا گاز و كرێسێنت دانیان بەوە ناوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان كەیسێكی  قابلی قبوڵی هەیە لە دژە داواكەیان و كاری دادوەریش لەو بارەیەوە بەڕێوەدەچێت و بڕیارە لە مانگی 9ی ئەمساڵدا گوێ لەو دژە داوایە بگیرێت و بەڵگەكان بخرێنەڕوو.

3. دادگا تاوەكو ئێستا دوو بڕیاری نیوەتەواوی داوە كە هیچكامیان مافی دژە داواكەی حكومەتی هەرێمی كوردستانی پوچەڵنەكردوەتەوە. لەو دوو بڕیارەشدا، دادگا لەسەر بابەتە گرنگەكان داوای داواكاران (كرێسێنت پێترۆلیۆم و داناگاز) ی رەتكردوەتەوە بەوەی كە داواكاران شیاون بۆ وەرگرتنی پارەی ئەو گازی سروشتیەی كە سەرووی رۆژانە 200 ملیۆن پێی سێجایە و دراوە بە وێستەگاكانی كارەبای بازیان و هەولێر. داواكاران داوای وەرگرتنی ١ ملیار و 300 ملیۆن دۆلاریان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردبو بۆ ئەو بڕە گازە.

4. هەرچۆن لە راگەیاندنی 8/12/2015 ی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، داوای دانا گاز و كرێسێنت لەسەر ١١ ملیار دۆلار زیان كە بەریانكەوتووە، هیچ بنەمایەكی نیەو هەمووی خەون ‌و خەیاڵە.

لەكۆتاییدا بەپێی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە داواكارییەكەی بۆ وەرگرتنی قەرەبووی ئەو زیانانەی بە هۆی داواكارانەوە پێیكەوتووە.




PM:02:27:30/06/2016