نەوشیروان مستەفا: رێكەوتنی یەكێتی‌و گۆڕان دژی هیچ حزب و لایەنێك نیە

لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ وەفدێكی ئەنجومەنی ناوەندیی یەكێتی، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە رێكەوتنەكەیان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە ئەو رێكەوتنە دژی هیچ حیزب‌و لایەنێك نیە.

بەپێی هەواڵی میدیاكانی یەكێتی، ئەمڕۆ 2016/6/30 وەفدێكی باڵای ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كەپێكهاتبوون لە عادل موراد سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی و سكرتارییەتی ئەنجومەن و لێپرسراوی كۆمسیۆنەكانی ئەنجومەن سەردانی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان یان كردو لەكۆبونەوەیەكدا دواین گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسییەكانی كوردستان و عیراق و ناوچەكەیان تاووتوێكرد.

سەرەتا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆران بەخێرهاتنی وەفدی ئەنجومەنی ناوەندی كردو پاشان عادل موراد ئامانجی سەردانەكەیان بۆ لای بەڕێزیان رونكردەوە، پاش هەوڵپرسین لە تەندروستی و هیوای لەش ساغیان بۆ خواست.

دواتر باس لەگرنكی رێككەوتنی یەكێتی و گۆران كراو ، عادل موراد بەناوی ئەنجومەنی ناوەندییەوە بەگرنگیەوە باسی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی كردو كۆبونەوەی هاوبەشی هەردوولاو سەردانی وەفدە هاوبەشەكەی یەكێتی و گۆڕان بۆ لای حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و كۆبونەوەی فراكسیۆنەكان لەپەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكان و سەردانی وەفدی هاوبەشی فراكسیۆنەكانی یەكێتی و گۆران بۆ بەغداو كۆبونەوەیان لەگەڵ سەرۆك و كەسی یەكەمی حزب و لایەنە سیاسیەكانی عێراق و باڵیۆزانی وڵاتان لەبەغدا بەگرنگ وەسف كرد، هەروەها تێگەیشتنی حزب و لایەنە سیاسیەكان و وڵاتان بۆ رێككەوتنەكە ئەرێنی بووەو پیشتیوانی خۆیان بۆ نزیكبونەوەو لێكتێگەیشتن لە نێوان پارت و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان رەنگدانەوەی ئیجابی دەبێت بۆ كوردستان و عیراق و ناوچەكەش.

لەبەشێكیتری كۆبونەوەكەدا بارودۆخی سیاسی كوردستان و ئەو قەیرانانەی كە بەرۆكی هەرێمی كورستانی گرتووە گفتوگۆی لەبارەوە كرا ، بەتایبەتی قەیرانی دارایی كە كاریگەری سلبی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان كردوە .

لای خۆشیەوە نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆران باسی گرنگی رێككەوتنەكەی كرد  وتی: بەم رێككەوتنە توانیمان كۆتایی بەناكۆكی دوو حزبی سیاسی سەرەكی كوردستان بهێنین و بۆ یەكڕیزی و تەبایی نێو ماڵی كورد زۆر گرنگە، ئەم رێكەوتنە دژی هیچ حزب و لایەنێك نیە و جێبەجێكردنی خاڵ و بڕگەكانی رێككەوتنەكە قازانجە بۆ هەموو میللەتی كورد.

وتیشی: یەكەم كۆبونەوەی سەركردیەتیە هاوبەشەكە زۆر باش بوو، ئەو لیژنانەی كە پێكهاتبون كارەكانیان ئەنجام دەدەن و پێویستە بەهەموو لایەكمانەوە هەوڵی ئەوە بدەین كە خاڵەكانی رێككەوتنەكە جێبەجێ بكەین، لەو روەشەوە نەوشیروان مستەفا ئەنجومەنی ناوەندی بەئۆرگانێكی گرنگی یەكێتی زانی و وتی:"هەر وەك چۆن  لەسەرەتاوە كارتان بۆ كردوە بەهەمان شێوە پشتیوانی ئەو رێككەوتنە بن.

لە كۆبونەوەكەدا هەردوولا جەخیتان لەپەلەكردن لە باشكردنی ژبان گوزرانی ناهەمواری هاووڵاتیان پشتبەستن بەخاڵ و بڕگەكانی رێككەوتنەكە كردەوە.

لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی دواین گۆڕانكاریی و پێشهاتەكانی عیراق و ناوچەكە كرا.



PM:03:57:30/06/2016