نامەیەكی توند ئاراستەی سەرۆكو ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی دەكرێت
دانیشتوانی گەڕەكێكی شاری سلێمانی لەنامەیەكدا ناڕەزایی خۆیان بە فرۆشتنو پارچەپارچەكردنی زەوییەك بۆ كاری بازرگانی دەردەبڕن كە بڕیاربووە بكرێت بە باخچە.
لەو نامەیەدا كە وێنەیەكی بۆ سپی نێردراوە، هاتووە: ئەم نامەیە بۆ هەوڵێكی بەرێز سەرۆك و ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانیە، سەبارە بە فرۆشتن و پارچەپارچەكردنی زەویەك كە لە ماستەرپلانی شارو گەرەكدا بۆ سەوزایی و باخچە دانراوە كەچی دەنگۆی ئەوە هەیە بازرگانی پێوەكرابێت.
ئەم زەویە كەوتۆتە، پشت بەنزینخانەی بینایی و بەردەم فەرمانگەی پاسپۆرت و تەنیشت قوتابخانەی بنەرەتی رەفیق حیلمی، زیاتر لە 10 هەزار مەتردوجایە بە ژمارەی 62/3384، موقاتەعەی 35ی كانی سپیكە و گەرەكی نێرگسی پێدەڵێن، روبەرێكی ستراتیجی هەیە بۆ ئەو ماڵ و پەیمانگاو كۆلێژو قوتابخانەو فەرمانگە حكومیانەی دەوروبەری، بەداخەوە شارەوانی سلێمانی لەبری ئەوەی بیر لەوە بكاتەوە زەویەكە بكاتە باخچەیەكی نمونەیی بۆ هەزاران ماڵ و چەندین فەرمانگەی حكومی و قوتابخانەو دایەنگەی ناوچەكە، كەچی ناوەناوە دەیكاتە جێ تەماعی ئەم لایەنی حیزبی و ئەو لایەن و ئەم سەرمایەدارو ئەو سەرمایەدارو دەیان بەڵێندەری گوماناوی كە وەك چاوێكی برسی چنگیان گیركردوە لەم زەویە.
نامەكە كە لەلایەن 100 كەس واژۆ كراوە هەروەها دەنوسێت: تەنانەت ئێستا بۆتە جێگایەك بۆ تیجارەتی لابەلاو دانانی مۆلیدەی كارەبایی و گەراجی بەلاش و تەماعی هەندێك كەس كە نابێت یاسا رێگە بەمە بدات، لەكاتێكدا ئەگەر پرۆژەی باخچەكەش بەبیانوی نەبوونی بودجەی پێویستەوە دوا بكەوێت و بكرێت بە گەراج ساڵانە داهاتێكی زۆری دەبێت، كە ئەمەش نەكراوەلەسای بێپلانی شارەوانی وەك خۆی ماوەتەوە، ئێستا بەداخەوە دیسان دەنگۆی فرۆشتن و تەملیككردنەكەی جارێكی تر بڵاوبۆتەوە كە هەرگیز ئێمە وەك دانیشتوانی ئەم گەرەكە رازی نابین كارێكی لەم شێوەیە ئەنجام بدرێت بۆ ئەو زەویە كە هێندەی تر فشارو قەرەباڵغی زیاد دەكات لەسەرمان، هیوادارین بە زووترین كات شارەوانی سلێمانی وەڵاممان بداتەوەو نارەزایەتیەكانی ئێمە نەگاتە ئاستی خۆپیشاندان، چونكە هێشتا ئێمە چاوەروانی ئەو بەڵێنانەین كە بەرپرسانی حیزبی كاتی خۆی بە ئێمەیانداوە تەسەروفی تیجاری بەم زەویەوە نەكرێت.
لەكۆتاییدشدا هاتووە: واژۆی زیاتر لە 100 ماڵی ئەم گەرەكە لە بەردەستدایە بۆ ئەم مەبەستەو چەندین جاریش بەرپرسانی حیزبی بەڵێنی ئەوەیانداوە ئەم زەویە نە بۆ حیزب دەبێت و نە بۆ پرۆژەی بازرگانی و نە بۆ فرۆشتن و تەملیككردنی شەخسی، تەنها دەبێت بكرێتە ناوچەیەكی گشتی و سەوزایی و باخچە.
PM:05:43:30/06/2016