وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم، رایدەگەیەنێت" فەریدەون عەبدولقادر راوێژکاری بازرگانی بارزانی نییەو دۆستی نزیکی بارزانییەو زۆرجار سەردانی دەکات".
وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم د. ئومید سەباح لەسەر ئەو دەنگۆیانەی کە فەریدوون عەبدولقادر بۆتە راوێژکاری بارزانی هاتە دەنگ و لە لێدوانێکدا ئەو هەواڵە رەتدەکاتەوە و دەڵێت" بەڕێز فەرەیدوون عەبدولقادر خۆی بڕیاری داوە لە بەرپرسیارێتی دوور بكەوێتەوە ئەگینا ئەو هەمیشە دەتوانێ ڕۆڵی خۆی ببینێت. ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن كە بووەتە ڕاوێژكاری سەرۆك بارزانی لە كاروباری بازرگانی دوورە لە ڕاستی"
دەقی لێدوانەکە:
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی لەسەر بەڕێز فەرەیدوون عەبدولقادر لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە كۆمەڵێك میدیا و دەزگەی ڕاگەیاندنەوە بڵاو كراوەتەوە كە گوایە بووەتە ڕاوێژكاری بازرگانیی سەرۆك بارزانی، لێرەدا بە هەموو لایەك ڕادەگەیێنین كە بەڕێز فەرەیدوون عەبدولقادر پیاوێكی خەباتگێڕ و نیشتیمانپەروەرە و پێشتریش سەركردەیەكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بووە. هەروەها وەك دۆستێكی نزیكی زۆرجار سەردانی سەرۆك بارزانیی كردووە و جەنابیان ڕێزێكی تایبەتی بۆی هەیە.
بەڕێز فەرەیدوون عەبدولقادر خۆی بڕیاری داوە لە بەرپرسیارێتی دوور بكەوێتەوە ئەگینا ئەو هەمیشە دەتوانێ ڕۆڵی خۆی ببینێت. ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن كە بووەتە ڕاوێژكاری سەرۆك بارزانی لە كاروباری بازرگانی دوورە لە ڕاستی و هیچ ئەساسێكی نییە و پۆستی لەمجۆرەیش لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بوونی نییە.
د. ئومێد سەباح
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان